Skip to the content

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی دووەمین پێشانگەی بەرهەمی ناوخۆیی کردەوە

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق و پارێزگاری سلێمانی، دووەمین پێشانگەی تایبەت بە پیشەسازی و وەبەرهێنانی ناوخۆیی لە سلێمانی کردەوە.
لە دەستپێکی کردنەوەی پێشانگەدا، کە هەر یەکە لە عەلی عوسمان بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری پیشەسازی و بەڕێوەبەرانی گشتیی دیوان و گەشەپێدانی پیشەسازی هاوەڵی بوون، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی گوتەیەکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە گرنگیی پەرەپێدانی پیشەسازی و بەرهەمی ناوخۆیی کرد و گوتی؛ کردنەوەی ئەم جۆرە پێشانگەیانە هاندەر و پاڵپشتێکی باشن بۆ پەرەسەندنی پیشەسازیی ناوخۆیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دەتوانین بڵێین هەنگاوی باش بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنانی ناوخۆیی نراون، بەڵام هێشتا ماومانە و پێویستە هەموو لایەکمان هاوکار و پاڵپشتیی کۆمپانیا و وەبەرهێنەران و پیشەسازکاران بین، بۆ پاراستن و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆیی.
پاشان بەشە جیاجیاکانی پێشانگەکەیان بەسەر کردەوە و وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووسانیان دایەوە.

جێی ئاماژەیە دووەمین پێشانگەی پیشەسازی و وەبەرهێنانی ناوخۆیی لەلایەن کۆمپانیای ئەتڵەس و بە هاوکاریی ژووری بازرگانیی سلێمانی لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ڕێک خراوە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.