Skip to the content

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە کونسوڵی فەرەنسا کرد

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ئاداری ٢٠٢٤، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، پێشوازی لە د. یان برایم، کونسوڵی فەرەنسا لە هەولێر کرد، و تاوتوێی چەند پرسێکی پەیوەست بە بازرگانی و پیشەسازییان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی، دۆخی بازرگانی و پیشەسازیی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا خرایە ڕوو.

لای خۆیەوە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئاماژەی بە پەیوەندیی مێژووییی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کرد و بەگرنگییەوە باسی لە پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازییەکان کرد کە لە ئێستا دا ئاستێکی باشیان تێپەڕاندوە و گوتی: ژمارەیەکی بەرچاو کۆمپانیای فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و کاردەکەن، جێی دەستخۆشییە هەندێک وەبەرهێن و سەرمایەداری فەرەنسی هاتوون لە هەرێمی کوردستان کارگەیان داناوە ئەمەش سوودی بۆ پێشخستنی ئابووری ناوچەکە هەیە.

لە درێژەی قسەکانیدا وەزیری بازرگانی و پیشەسازی تیشکی خستە سەر گرنگیپێدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی ئاستی پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی جیا جیا‌ و چۆنییەتی ئاسانکاری و هاوکاریکردن بۆ هەرکەس بیەوێت کاری بازرگانی و پیشەسازی بکات.

لە دانیشتنەکەدا، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا باسی لەوە کرد هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا ناوچەیەکی گرنگە وەک دەروازەیەکی بازرگانییە بۆیان بۆ کرانەوە بەڕووی ناوچەکانی تری عێراق و بەکاربەرەکانی تر.
داوایشی کرد لە چارەسەرکردنی هەر بابەتێک هاوکاری بکرێن، وەک کێشە بۆ بەردەم پرۆسەی بازرگانیی فەرەنسی دێتە پێش، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیش بەڵێنی هاوکاری و هەماهەنگی پێ دان.