Skip to the content

پەرەپێدانی نێوان کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و شانشینی وڵاتی هۆڵەندا تاووتوێ دەکرێ

ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ئاداری ٢٠٢٤، بڵند محەمەد مەولود، بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، سەردانی کونسولخانەی شانشینی هۆڵەندای لە شاری هەولێر کرد، و لەلایەن یۆرت پۆستهوموس، جێگری کونسولی گشتیی شانشینی هۆڵەندا لە هەولێر، و نالی یوسف بەهائەدین، بەرپرسی بەشی ئابووری پێشوازی کرا.

لە کۆبونەوەیەکدا کە بەڕێوەبەری تۆمارکردنی کۆمپانیا نیشتمانیەکان و بەڕێوەبەری لقی کۆمپانیا بیانییەکان و بەرپرسی پەیوەندییەکان ئامادەی بوون، باس لە چۆنییەتی پەرەپێدانی بازرگانی لە نێوان هەردوولا کرا، لە ڕێگەی ئاسانکاری لە تۆماری کارە بازرگانییەکان بە سیستەمی دیجیتاڵی و باسی ڕێکارە یاساییەکانی کارکردنی کۆمپانیاکان و بریکارە بازرگانییەکان و سیستەمی نوێی دیجیتاڵیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان کرا، هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان ئامادەیی پیشان دا بۆ هەماهەنگی و ئاسانکاری لە کردنەوەی لقی کۆمپانیاکانی شانشینی هۆڵەندا لە هەرێم، لە بەرانبەردا وەفدی کونسولخانەی هۆڵەندا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ شیکردنەوە یاساییەکان لەبارەی کردنەوەی لقی کۆمپانیا بیانییەکان و بریکارە بازرگانییەکان، و ئەو ئاسانکارییانەی کە تۆماری کۆمپانیاکان پێشکەشی دەکات و ئامادەیی دەربڕی کە هانی کۆمپانیاکانی هۆڵەندا بدات سوود لە یاسا بەرکارەکان لە هەرێم وەربگرن بۆ تۆمارکردنی بریکارە بازرگانییەکان و وەبەرهێنان لە کوردستان.