چوار ماددەی دیکە بۆ بەشەخۆراکی مانگی ڕەمەزان زیاد دەکرێن
ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی ئاداری ٢٠٢٤، كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بە ئامادەبوونی وەزیرانی تەندروستیی حکومەتی عێراقی فیدڕال و حکومەتی هەرێمی کوردستان، و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، و پارێزگاری سلێمانی، بەشداری لە کردنەوەی هێڵی سێیەمی نوێی بەرهەمهێنانی بوتڵی مەغەزی (گیراوەی هەڵواسین) لە کارگەی پایۆنێر بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان لە شاری سلێمانی کرد.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پاڵشتیی خۆی بۆ سەرجەم ئەو كۆمپانیا و كارگانە دووپات دەكاتەوە کە پرۆژەیان هەیە بۆ گەشەپێدانی كەرتەكان لە ڕێگەی ڕەخساندنی هەلیكار و زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆ.
دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی گۆشت لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان، نووسراویان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كردووە بۆ گرتنەبەری ڕێكارەكان، كە ئەوانیش لە هێنانی ژمارەیەكی زیاتری ئاژەڵ و لابردن یان كەمكردنەوەی باج و گومرگ پێكهاتوون.
سەبارەت بە دابەشكردنی سەبەتەی خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، وەزارەت لە دابەشكردنی سەبەتەی خۆراكی مانگانە بەردەوامە، و بۆ مانگی ڕەمەزانیش چوار جۆر ماددەی خۆراكی دیكە بۆ سەبەتەكە زیاد دەكرێت، ئەوانیش ئاردی سفر، شعریە، مەعکەڕۆنی و نیشاستەن.