Skip to the content

کەمال موسلیم: ڕێگە بە بەرزکردنەوەی نرخی خۆراک و پێداویستیی ڕۆژانەی هاووڵاتییان نادرێ

ڕۆژی دووشەممە ١١ـی ئاداری ٢٠٢٤، کەمال موسلیم، وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى لە یەکەم ڕۆژى مانگى پیرۆزی ڕەمەزان، بە شێوەیەکى مەیدانى سەردانى ناو بازاڕى شارى هەولێرى کرد، بە مەبەستی  لەنزیکەوە چاودێریکردنى بازاڕ و نرخى خۆراک و کەلوپەل لە مانگى ڕەمەزاندا، هەروەها گوێبیستی پێشنیار و  داواکاریی کاسبکاران بوون و لەبارەی ڕەوشی بازاڕ و نرخی کەلوپەل و خۆراک و پێداویستیی ڕۆژانەی هاووڵاتییان بەتایبەتی گۆشتی سوور کە ماوەیەکە کەمێک نرخی بەرز بووەتەوە.

لەو سەردانەدا کە بەڕێوەبەرى گشتیی بازرگانى و بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر یاوەرى بوون، وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى ڕایگەیاند: کارى لیژنەکانى چاودێریى بازرگانییان  چڕتر کردووەتەوە، بە شێوەیەک ڕۆژانە تا پارشێو سەردانى شوێنە جیاوازەکان دەکەن بۆ ڕێگرىکردن لە قۆرخکارى و گرانکردنى نرخ و ڕێگرى لە خۆراکى خراپ. داواشی کرد بازرگان و فرۆشیارانیش بە ڕێنماییەکانەوە پابەند بن و وەك هەمیشە ئەركی ئایینی و نەتەوەییی خۆیان بەرانبەر هەژاران و کڕیاران جێبەجێ بکەن.

شایانی باسە لە ڕۆژانی ئاسایی و لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا، تیمەکانی چاودێریی بازرگانی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان لە چاودێریکردنی بازاڕ بەردەوام دەبن.