هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت
ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٤، بڵند محمد مولود، بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا بیانییەکان و نیشتمانییەکان و ناوی بازرگانیی کۆمپانیاکان و پەیوەندییەکان، بەئامادەبونی فرست مامل، نوێنەری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازییان لە ئەلێکساندەر بێلا، سەرۆکی یەکەی ئابووری لە کونسولخانەی گشتیی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە هەولێر و د.دارا پسپۆری ئابووری لە کونسولخانەی ناوبراو.
بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیان، بەوردی باسی سیستەمی نوێی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی کرد لە هەرێمی کورستان، و بایەخی پەیوەندی نێوان کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان و کۆمپانیا ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانی بە گرنگ زانی، لەم بارەیەوە ڕێککارەکانی تازەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو، کە تیایدا ئاسانکاریی زۆر بۆ دامەزراندن و کردنەوەی کۆمپانیا نیشتمانی و بیانییەکان کراوە، هەروەها ڕۆڵی کونسولخانەکانی بەرز نرخاند، لە هاندانی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ زیاتر وەبەرهێنان لە کوردستان.
دواتر شاندی میوان سوپاسی بەڕێوەبەری گشتییان کرد، بۆ پێدانی زانیاری لەبارەی کۆی چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکەیان، هەروەها ئامادەییی خۆیان بۆ هەموو هاوکارییەکی پێویست دەربڕی، لەپێناو بەرەوپێشبردنی سیستەمی تۆمارکردن و دامەزراندنی کۆمپانیاکان و هەماهەنگیی زیاتری نێوان کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، لەپێناو ئاڵوگۆڕی زیاتری بازرگانی و وەبەرهێنان.