وەزيری بازرگانی و پیشەسازیى ههرێم: هەموو هەوڵێک دەدەين تا جوتیاران بەئاسانی بەرهەمەکانيان ساغ بکهنهوه
ڕۆژی سێشەممە ٣٠ـی نیسانی ٢٠٢٤، کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لەگەڵ شاندێکی یاوەریان لە بەغدا، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران، لەگەڵ وەزیری بازرگانيی عێراق کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا تاووتوێی دۆخی سایلۆکانی هەرێم و بڕی توانای ئەمبارکردن و ئەو ڕێکار و تەکنیکانە کران کە پێویستن بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە.
وەزیری بازرگانی لە گوتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە لێکتێگەشتنی باش لە نێوان هەردوو وەزارەت لە بارەی پرسی گەنمی جوتیاران هەیە، هەموو هەوڵێک دەدەن تا جوتیار بە ئاسانی بەرهەمەکانی ساغ بکاتەوە.
هەروەها وەزیری بازرگانيی عێراقیش گوتی "لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم هاوکار و هەماهەنگ دەبین و ڕاستەوخۆ سەرپەرشتيی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم دەکەین و بەرپرسیارین لە بەرانبەر پێدانی شایستەداراییەکانی جوتیاران."
جێی ئاماژەیە ساڵانە بەرهەمی گەنمی جوتیاران لەلایەن حکومەتەوە وەردەگیرێتەوە و پرۆسەکەش لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانيی عێراق ئەنجام دەدرێت.