Skip to the content

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی چاودێريی ئاشەكان و بریكارەکانی ئاردی پارێزگەی سلێمانی دەكات

ڕۆژی یەكشەممە ١٩ی ئایاری ٢٠٢٤، كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، لەمیانی سەردانێکیدا بۆ سنووری پارێزگەی سلێمانی و لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە كاروباری فەرمانگەكانی وەزارەت لەو سنوورە، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی كۆمەڵگەی بازرگانی لە سلێمانی كۆبوویەوە، پاشان سەردانی چەند ئاش و بریكارێكی ئاردی ناوچەكەی كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا گوێبیستی داواكاری و سەرنج و كێشەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەت بوو، و ڕایگەیاند: بە هەموومان هاوکاردەبین بۆ باشترکردنی ئیشوکاری فەرمانگەکان و خزمەتکردنی هاووڵاتییان و چارەسەرکردنی کێشەکان.

دواتر چەند ئاشێكی سنووری پارێزگەكەی بەسەر كردەوە و لەلایەن كەسانی پسپۆڕ كە یاوەریان دەكرد، نموونەی ئاردەکان بۆ پشکنین وەرگیران و پاشان بە شێوەیەكی مەیدانی، سەردانی چەند بریكارێكی ئاردی لە گەڕەكە جیاوازەكانی شاری سلێمانی كرد، تا لە نزیكەوە ئاگەداری پرۆسەی دابەشكردنی ئارد لە ئاشەكانەوە بۆ بریكارەكان و دواتر بۆ دەستی هاووڵاتییان بێت.

جێی ئاماژەیە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەردەوام بەشێوەیەكی مەیدانی لەگەڵ هاووڵاتییان و فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەت لە پەیوەندیدایە و سەردانەكانی بەردەوامن تا بە باشترین شێوە و ئاسانترین ڕێگە و بێ گرفت خۆراك و ئارد بگاتە دەستی هاووڵاتییان.