قەبارەی بازرگانيی هەرێمی کوردستان و کۆماری مصر ساڵانە زياتر لە 60 ملیۆن دۆلاره
ڕۆژى چوارشەممە ٢٩ ی ئایاری ٢٠٢٤، سەروەر کمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بۆ کاروباری بازرگانی، پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی بازرگانيی کۆماری مصر کرد، کە پێکهاتبوون لە عمرو هزاع، وەزیری دەسەڵاتداری بازرگانی و اميرة نبيل، كونسوڵی بازرگانيی مصر و تمیم الداوي، جێگری سەرۆکی دەستەی هەناردەکارانی مصر.
لە دیدارەکەدا كە هەر یەک لە ڕاوێژکاری پەیوەندیەکانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتيی تۆماركردنی كۆمپانیاكان ئامادەى بوون، شاندی ناوبراو ڕایانگەیاند: مەبەستی سەردانەکەیان بۆ زهمينهسازييه بۆ سەردانى شاندێکی ئاستبەرزی وەبەرهێنانی کۆماری مصر بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو، هەروەها جێبەجێکردنی چەند هەنگاوێکی گرنگ لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری مصر، بۆ دروستكردنی ڕایەڵەكی پتەوی ئابووری نێوان هەردوولا.
شاندەکە خۆشحاڵيی خۆیان بەرانبەر بەو پێشکەوتنە بەرچاوەی كه هەرێمی کوردستان بەخۆیەوە بینیوە، نيشان دا، كە دەبێتە جێگەی سەرنجی وەبەرهێنەرانی کۆماری مصر.
شایەنی باسە ئەم چالاکییانەی کۆماری مصر، لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی سێقۆڵی ساڵی ٢٠٢١ كە لە نێوان (عێراق - مصر - ئەردەن) واژۆ کرا. هەوڵ دەدرێت پەیوەندییە ئابوورییەکان زیاتر بەرەوپێش ببرێن و هەرێمی كوردستانیش سوودمەند بێت.
قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری مصر ساڵانە لە ٦٠ ملیۆن دۆلار زیاترە، ئەمەش ئاماژەیەکی گرنگە بۆ بەهێزی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی.