بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە باڵیۆزی عێراق لە وڵاتی فلیپین و شاندی یاوەری كرد
ڕۆژى سێشەمە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، سەروەر کهمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی، لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە دكتۆر خاليد ئيبراهيم ئهلشهلال، باڵیۆزی کۆماری عێراق لە وڵاتی فلیپین و شاندی یاوەری كرد، كە پێكهاتبوون لە فەلاح ئەنوەر کونسولی فەخريی کۆماری فلیپین و دکتۆر جێری، سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی (سان میگیل) و نوێنەری چەند کۆمپانیایەکی دیکەی فلیپین.
لە دیدارەکەدا كە ڕاوێژکارانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتيی دیوان و پلاندانان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەری هێما بازرگانییەکان ئامادەى بوون، بریکاری وەزارەت تیشکی خستە سەر ڕەوشی ئابووری لە هەرێمی کوردستان و چالاکییە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئاسيا، هەروەها دەرفەتەکانی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان و پەیوەندییە بازرگانیيەكانی هەرێمی كوردستان.
باڵیۆزی عێراق لە فلیپین سەرساميی خۆى بەرانبەر ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە نيشان دا، كە بووەتە هۆكارێكى بەهێز بۆ بووژاندنەوەی كەرتە جیاوازەكانی ئابووری. هەروەها ڕێکارەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لە سێکتەرەكانی وەک خۆراك، دەرمان، پەین، گەشتوگوزار و وەبەرهێنان تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوون.
شاندی کۆماری فلیپین ئەوەیان ڕاگەیاند بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەنديی بازرگانی و ئابووری نێوان هەردوولا، لە ساڵی داهاتوودا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.