Skip to the content

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری پیشەسازی بەشداريی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی هەماهەنگيی پیشەسازی دەکات

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی نیسانی ٢٠٢٥، عه‌لی عوسمان، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بۆ کاروباری پیشەسازی، له‌ شارى بەغدا، بەشداری لە سێيەمین کۆبوونەوەی (مجلس التنسیق الصناعی)، بە سەرۆکایەتيی محه‌مه‌د شیاع السودانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی عێراقی فیدرال كرد.
دواى ڕەوانەکردنی پێشنیارەکان بە نووسراوی فەرمی و جێکردنەوەی لە بەرنامەی کاری ئەنجومەنەکە، بۆ کۆبوونەوەکە بریکاری وەزارەت بە وردی باسی لە هەموو گرفتەکانی ناو نووسراوەکە کرد و گفتوگۆی چڕى لەبارەوە کرا، خۆشبەختانە بڕیار لەسەر چۆنیيەتيی کارکردن لەسەریان درا، بە ڕاسپاردنی وەزارەتە تایبەتمەندەکان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی پێشنیارەکان و دۆزینەوەی میکانیزم و ڕێگه‌چارەی پێویست و هەماهەنگی بۆیان، لەنێوان لایەنی تایبەتمەند لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان. هەر لە کۆبوونەوەکەدا وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ڕاسپێردرا بە دابینکردنی غاز لەجياتى نەوتی ڕەش بۆ کارگەکانی خشت، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ژینگە، لای خۆیانەوە بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی سەرنج و تێبینیيەکانی پێویست له‌بارەی گۆڕانکاريی سەرچاوەی وزەی کارگەکانی خشت لە هەرێمی کوردستان لە نەوتی ڕەشەوە بۆ غاز خستە ڕوو. هه‌روه‌ها داوایان کرد کە بڕی پێویستی غاز لە دوای گۆڕانکاری لە سیستەمەکانیان دابین بکرێت، هاوشێوەی کارگەکانی خشت لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق.