ئەنجومەنی كاری هندستان - كوردستان دامەزرا

ڕۆژی چوارشەممە ٩ی نیسانی ٢٠٢٥، لە ڕێوڕەسمێکدا لە شاری هەولێر سەروەر کەمال هاواری بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی وەزارەت و بە ئامادەبونی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و سومین باگشی، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق و مادان گۆپال، کونسولی گشتیی هیندستان، موهیت سێنگلا، سەرۆکی ئەنجومەنی پێشخستنی بازرگانیی هیندستان (T.P.C)، بەرپرسان و ئەندامانی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی كوردستان و شاندێكی باڵای بازرگانانی هیندستان، دوای پێدانی مۆڵەتی كاركردن لە لایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییەوە (ئەنجومەنی كاری هیندستان - كوردستان) دامەزرا.
لە گوتەیەكدا بریکاری وەزارەت بە ناوی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، پیرۆزبایی و خۆشحاڵیی خۆی ئاراستەی ئامادەبووان کرد و دەستخۆشی ئاراستەی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە فەرمانگەكەیان پاڵپشت و هاوکار بووە. هەر لەو بۆنەیەدا یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی هیندستان واژۆ کرا. هاوكات ئامادەییی وەزارەتیان دەربڕی بە پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەک بۆ بەرەوپێشبردن و هاریکاری، کە لە خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێم و هیندستاندا بێت.