Skip to the content

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە ڕاوێژکاری یەكەم لە وەزارەتی دەرەوەی بولگاریا كرد

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٥، سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی، پێشوازی لە ئانتۆلیا دیشیف، ڕاوێژکاری یەكەم لە وەزارەتی دەرەوەی بولگاریا و ستانیسلاڤ نۆکۆڤ، ڕاوێژکاری ئابووری و سەرۆكی بەشی بازرگانی و ئابووری لە باڵیۆزخانەی بولگاریا لە بەغدا کرد.
لە دیدارێكدا كە دەستەی ڕاوێژکارانی وەزارەت و بەڕێوەبەرانی گشتیی دیوانی وەزارەت و پلاندانان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەری هێما بازرگانییەکان ئامادەی بوون، بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری بولگاریا لە بواری بازرگانی و ئابووری، سەرباسی گرنگی کۆبوونەوەکە بوو.
شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بەرانبەر ئەو پێشکەوتنەی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئامادەیی هەموو هەماهەنگییەکیان نیشاندا بۆ هەر دەستپێشخەرییەک کە ببێتە هۆى بەهێزكردنى پەیوەندیەکانی نێوان هەردوولا.
سەروەر کەمال هاواری وەك وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەموو ئاماده‌ییەكى دەربڕی لەپێناو دروستکردنی دەرفەتی زیاتری سەرمایەگوزاری و هەماهەنگی بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی پەیوەندیە ئابووریيەكان.
شایەنی باسە كاراكردنەوەی ئەنجومەنی كاری بولگاریا - كوردستان تەوەرێكی گرنگی دیدارەكە بوو.