بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە کونسولی گشتیی فەرەنسا کرد

ڕۆژی سێشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢٥، سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی، پێشوازی لە یان برێم، کونسولی گشتیی فەرەنسا و محەمەد مزووری، بەرپرسی بەشی ئابووریی کونسولخانەکە کرد.
لە دیدارەکەدا كە ڕاوێژکارانی وەزارەت و بەڕێوەبەری هێما بازرگانییەکان و بەڕێوەبەری كۆمپانیاكانی هەولێر ئامادەی بوون، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا لە بواری بازرگانی و پیشەسازی تەوەری سەرەكی بوون، بارودۆخی ناوچەكە و گۆڕانكارییەكان و كاریگەری لەسەر ئابووری عێراق و هەرێمی كوردستان باس كران، جەخت لەوە کرایەوە گرنگی زیاتر بە دیدار و كۆبوونەوەكان بدرێت لە نێوان بازرگانانی هەرێم و فەرەنسا. سوودوەرگرتن لە ئەزموون و شارەزاییی فەرەنسا لەو بوارانەی كە فەرمانبەرانی وەزارەت پێویستیان پێیەتی بەگرنگیەوە تیشكیان خرایە سەر.
ئاماژە بە كۆمپانیا و بڕاندە بازرگانییەکانی فەرەنسا درا. لای خۆیەوە بریکاری وەزارەت هەموو ئامادەكارییەكی نیشان دا، لەپێناو دروستکردنی دەرفەتی زیاتری سەرمایەگوزاری و هەماهەنگی بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتری پەیوەندییەکان.