Skip to the content

وەزیری بازرگانی و پيشه‌سازى پێشوازی لە كونسولی گشتيی هيندستان کرد

ڕۆژى سێشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢٥، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، پێشوازی لە مادان گۆپاڵ، كونسولی گشتيی هيندستان لە هەرێمی کوردستان کرد، کە بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەنديی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و هیندستان و ئامادەبوونی ستافی وەزارەت لە کردنەوەی ئۆفیسی بازرگانی هیندستان - کوردستان سه‌ردانى وه‌زاره‌تى كردبوو.
لە دانیشتنەکەدا ڕاوێژکاری پەیوەندیيەکان و بەڕێوەبەرانی گشتيی دیوان و تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و گەشەپێدانی پیشەسازی ئامادەبوون، شاندی میوانیش نوێنەرایەتيی چواردە گەورە کۆمپانیای هیندستان بوون، چەند تەوەرێکی گرنگی تایبەت بە بازرگانی و پیشەسازی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی باسی لە سیاسەتی کابینەی نۆيه‌مى حکومەتی هەرێم کرد بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانیيەکان لەگەڵ وڵاتان و ڕوونکردنەوەی پێویستی دا لەبارەى هاوکاری و پاڵپشتيی وەزارەت بۆ بازرگانان و خاوەنکارانی بیانی لە هەرێم و گوتی: وەزارەت هەموو کات هاوکاری و کاراسانی بۆ بازرگانی و بەستنی پەیوەنديی ئابووری لەگەڵ وڵاتان ده‌كات و جەختی لە پاڵپشتيی کردنەوەی سەنتەری بازرگانيی هیندستان - کوردستان کردەوە، کە بڕیارە ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ ٩ى نيسانى ٢٠٢٥ ئۆفیسیان لە شارى هەولێر بکرێتەوە، کە لەلایەن وەزارەتى بازرگانى و پيشه‌سازييه‌وه‌ مۆڵەتیان بە فەرمی وەرگرتووە.