Skip to the content

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانتارانی سوید کرد

ڕۆژى سێشەممە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٥، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانتارانی سوید كرد، به‌ سه‌رۆكايه‌تيى ئۆلاڤ مولر، كه‌ نوێنەرایەتيی لیژنەکانی پەیوەندیەکان، گواستنەوە و وزەیان دەکرد و بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەنديی بازرگانی و ئابووری هاتبوون.
لە دانیشتنێکدا کە هەر یەکە لە ڕاوێژکاری پەیوەندییەکانی وەزارەت، بەڕێوەبەرانی گشتيی دیوان، پلاندانان، بەدواداچوون، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و گەشەپێدانی پیشەسازی ئامادەى بوون، باس لە پەیوەندی و چالاکییەکانی ڕابردووی نێوان هەردوولا کرا. وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بە گرنگیيەوە باسی بەهێزکردن و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و سوودوه‌رگرتن لە ئەزموونی پیشەسازيی ئەو وڵاتەی کرد و گوتی: لە ئێستادا کە جیهان و ناوچەکە بە دۆخێکی ئابووريی ناجێگیر تێپەڕ دەبێت، بە پێویستی دەزانین پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانمان لەگەڵ سوید و سەرجەم وڵاتان بەرەوپێش ببەین، لە سیاسەت و ستراتیجی حکومەتی هەرێمیشدا گرنگيی تایبەت بەم بابه‌ته‌ دەدرێت.