ئەو گرفتانەی ڕووبەرووی خاوەن کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەران دەبێتەوە چارەسەر دەکرێن

ئەو گرفتانەی ڕووبەرووی خاوەن کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەران دەبێتەوە چارەسەر دەکرێن
لە بەردەوامی سەردان و کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەمەبەستی هەماهەنگی و چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی ڕووبەڕووی خاوەن کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەران دەبێتەوە، ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی ئابی ٢٠٢٥، بڵند محەممەد مەولوود مەم، بەڕێوەبەری گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، بەختیار حاجی حەمەد، بەڕێوەبەری گشتی لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم، بەڕێوەبەری تۆمارکردنی کۆمپانیا نیشتمانییەکان، سەردانی بانکی ناوەندی عێراقیان لە شاری بەغدا کرد.
لەلایەن، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی، پێشوازییان لێ کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر:
١- کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو کە گشت پێداویستییەکانی دەمجیان تەواو کردووە لە هەرێم دەست بە چالاکییەکانی خۆیان دەکەن تا ئەوکاتەی مۆڵەتەکانیان لە بانکی ناوەندی عێراق تەواو دەبێت.
٢- نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی کوردستان سەرژمێر دەکرێن ئەوانەی پێش ساڵی ٢٠١٨ تۆمارکراون بۆ ئەم مەبەستە ئامادەکاری و پێشنیاری گونجاو دەخرێتە ڕوو بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی خاوەن نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دۆلار.
پیشنیارکرا کە لیژنەیەک لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی هەرێمی کوردستان و لقی سلیمانی بانکی هەرێم پێک بهێنرێت بۆ پشکنینی شوێنی نووسینگەکان.
لە هەمان ڕۆژ شاندەکە سەردانی فەرمانگەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی بەغدایان کرد و لەلایەن ڕەشاد خلف، بەڕێوەبەری تۆماری کۆمپانیاکانی بەغدا، پێشوازی کران و پاشان لە کۆبوونەوەیەکدا لەسەر ئەم خاڵانە ڕێککەوتن:
١- کار بکرێت بە کۆمپانیاکانی بریکاری بازرگانیی هەرێم لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و وە بەپێچەوانەوە، ئەم هەنگاوە دەبێتە پاڵپشتییەکی بەهێز بۆ پاراستنی مافی کۆمپانیاکان لە نێوان هەردوولا.
٢- ناوی بازرگانیی کۆمپانیاکانی هەرێم پارێزراو دەبێت لەسەر ئاستی عێراق، بە جۆرێک هیچ کۆمپانیایەک لە بەغدا دانامەزرێت بە هەمان ناوی بازرگانیی ئەگەر لە هەرێم تۆمار بێت وە بە پێچەوانەوە. بۆ ئەم مەبەستە هەر ئەمڕۆ ناوی کۆمپانیاکانی هەرێم و بەغدا لەنێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕ کرا.
٣- بەشی یاسایی لە تۆماری کۆمپانیاکانی هەرێم دەسەڵاتی پێ دەدرێت کە لیستی ئەو کەسانە ببینێت کە قەدەغە کراون ببن بە خاوەنی کۆمپانیا، ئەمەش بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر.