Skip to the content

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری پیشەسازی سەردانی شاری بەغدای کرد

ڕۆژی سێشەممە، ١٢ی ئابی ٢٠٢٥، عەلی عوسمان، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری پیشەسازی، سەردانی شاری بەغدای کرد و لەلایەن فارس عیسا، سه‌رۆكى نوێنه‌رايه‌تيى حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا پێشوازی لێ کرا.

لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ له‌بارەی دۆزینەوەی چارەسەرى کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی حکومەتی فيدڕال کرا.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، ١٣ی ئابی ٢٠٢٥، لە شاری بەغدا بریکاری وەزارەت، بەشداری لە کۆبوونەوە خولییەکانی ئەنجومەنی هەماهەنگیی پیشەسازی، بە سەرۆکایەتیی محه‌مه‌د شیاع سودانی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، بەگرنگییەوە باس لە کەرتی تایبەت لە بواری پیشەسازی کرا و گونجاندنی یاسا و ڕێنماییەکانی بەردەست بۆ ڕێگه‌خۆشکردن لەبەردەم کەرتی پیشەسازی و لابردنی گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم وەبەرهێنەرانی کەرتی پیشەسازی، لە دامەزراندنی کارگەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان وە بەشداریپێکردنی کەرتی تایبەت لە پێشخسنی پلانی کەرتی پیشەسازی، گفتوگۆيان له‌باره‌وه‌ كرا.

لە تەوەرێکی ديكه‌ى کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگيی بواری ژینگەی کرا، کە پێویستە ڕەچاو بکرێت لە دامەزراندنی پرۆژە پیشەسازییەکان، هه‌روه‌ها بەوردی چاودێری ئەم بابەتە بکرێت لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی بەردەست.

هەر لەکۆبونەوەکەدا ڕەزامەندی درا بە کردنەوەی ئەو پۆرتاڵە ئەلیکترۆنییەی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی گەشەپێدانی پیشەسازییەوە دامەزراوە و ئاسانکاری دەکات بۆ پرۆسەی پێدانی مۆڵەت بۆ ئەو پرۆژە پیشەسازیيانەی کە هەموو مەرجەکانی تێدایە لە ماوەی (١٥) ڕۆژدا لە ڕێكه‌وتى پێشکەشکردنی داواکاری. هەروەها پێویستە وەزارەت و ئۆرگانە کەرتییەکان داواکاری پێشکەش بکەن سەبارەت بە تەواوکردنی پرۆژە پیشەسازییەکان لە ڕێگەی پۆرتاڵی ئەلیکترۆنیەوە و پەیوەندی بە ئۆرگانە کەرتییەکانی دیکەوە نەکەن بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی داواکاريی ڕەزامەندی.