Skip to the content

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە نوێنەری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی كۆماری بولگاریا كرد

سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی بۆ کاروباری بازرگانی، لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە شاندێکی کۆماری بولگاریا، بە سەرۆكایەتی ڤاسیل ڤاسیلیڤ، نوێنەری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی بولگاریا و نوێنەری كاروباری ئابووریی بولگاریا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد؛ شاندی یاوەری پێکهاتبوو لە تریڤۆن ئلیڤ، سەرۆکی ئەنجومەنی بازرگانیی بولگاریا-عێراق، جۆنی کریتۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی یۆنان.

لە دیدارەکەدا، تیمی ڕاوێژکارانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەدواداچوون ئامادەبوون، دوای بەخێرهاتنی شاندی میوان، پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری بولگاریا بابەتی گرنگی کۆبوونەوەکە بوون.

لەهەمانکاتدا چەند تەوەرەیەكی دیكە باس كران وەك، دروستکردنی ئەنجومەنی کاری بارزگانیی لەنێوان کۆماری بولگاریا و هەرێمی کوردستان، هاندانی کۆمپانیا بولگارییەکان بۆ كاركردن لە هەرێمی کوردستان و خستنەگەڕی سەرمایە، پێشانگای هاوبەش، دیداری دوولایەنە لەنێوان بازرگانانی هەرێم و بولگاریا، هەروەها بازرگانان و حكومەت و شاندەکە ئامادەیی كاری هاوبەش و پێكەوەییان نیشان دا.