Skip to the content

شاندێكی بازرگانان و خاوەنكارانی وڵاتى توركیا سەردانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیيان كرد

‏ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٥، سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی، به‌ ئاماده‌بوونى ڕاوێژكارانی یاسایی و ئایتيی وەزارەت و بەڕێوەبەرانی گشتيی بازرگانی، پلاندان، بەدواداچوون و بەڕێوەبەری هێما بازرگانیيەكان، پێشوازی لە شاندێكی بازرگانان و خاوەنكارانی توركیا لە ڕێكخراوی یوسیاد (كۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەنكارانی نێودەوڵەتيی توركیا) كرد.
‏‎لە كۆبوونەوەكەدا تیشك خرایە سەر ڕۆڵی وەزارەت و ئەو كار و خزمەتگوزاریيانەی كە پێشكەشى بازرگانان دەكرێن، دواتر ئاماژەیان بە بایەخی ئەم دیدار و بەیەکگەیشتنانە دا، کە پێویستیيەکی گرنگن بۆ بەرەوپێشبردن و گەشەسەندنی جوڵەی بازرگانی و ئابووری لەنێوان وڵاتى توركيا، عێراق، هەرێمی كوردستان و ناوچەكە.
شاندی میوان داوەتنامەیان ئاراستەی بریکاری وەزارەت کرد بۆ بەشداریکردن لە پانێڵەكانی لووتكەی وەبەرهێنان و بازرگانی، كە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ئه‌مساڵ لە توركیا ئەنجام بدرێت، بە مەبەستی پێشكەشكردنی بابەتێك لەسەر ڕەوشی بازرگانی، دەرفەتی كار و ئابووری لە هەرێمی كوردستان.