Skip to the content

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ سەرۆک و ئەنجومەنی باڵای ڕێكخراوی ڕۆشنبیرانی كورد - بەریتانیا کۆبووه‌وه‌

ڕۆژى چوارشەممە ١٢ی شوباتی ٢٠٢٥، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، پێشوازی لە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ڕێكخراوی ڕۆشنبیرانی كورد - بەریتانیا کرد.
لە كۆبوونەوەیەكەدا گفتوگۆ له‌باره‌ى چۆنیيەتی بەشداریكردنی لاوانی كورد لە بەریتانیا بۆ خزمەتكردنی نیشتمان و گەشەپێدانی كەرتە جیاوازەكان كرا، هەروەها گرنگيی ڕۆڵی ڕێكخراوە ڕۆشنبیرییەكان باسیان لێوە كرا لە بارەی پەیوەندی نێوان كوردستان و وڵاتانی دەرەوە.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی جەختی لە پێویستيی بەهێزكردنی هەستی نیشتمانپەروەری و خۆبەخشی لای گەنجان كردەوە و ئاماژەی بەوە كرد كە: حكومەتی هەرێمى كوردستان پشتگیريی تەواوی هەر هەنگاوێك دەكات كە لە خزمەتی گەشەپێدانی كۆمەڵگه‌ی كوردیدا بێت.
لە لایەن خۆیانەوە، نوێنەرانی ڕێكخراوەكە چەندین پرۆژە و بیرۆكەی نوێیان خستەڕوو بۆ چۆنیيەتی سوودوەرگرتن لە تواناكانی كوردانی دانیشتووی بەریتانیا لە پێشخستنی كوردستان.