کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکاری بۆ مانگی پيرۆزى ڕەمەزان بەڕێوەچوو

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥، سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی، لەگەڵ بەڕێوەبەرەکانی چاودێریی بازرگانیی شار و ئیدارە سەربەخۆکان کۆبووەوە، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ چاودێریی نرخ لە بازاڕەکان لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەکە لە ڕاوێژکاری وەزارەت بۆ کاروباری یاسایی و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئامادەی بوون، چەندین بابەتی تایبەت بە نرخ و کوالێتیی کاڵا و پێداویستیی هاووڵاتییان لە بازاڕەکاندا باس کران و پێشنیاری پێویست خرانە ڕوو.
دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕێنمایی و ئەنجامی کۆبوونەوەکە لەڕێی میدیاکارانەوە بۆ هاووڵاتییان گوازرانەوە، کەوا پێویستە هاووڵاتی هۆشیارانە پێداویستییەکانیان بکڕن و وەک مافێکی خۆیان لەکاتی هەبوونی هەر گرفتێک یان بینینی نرخی زیاد و قۆرغکاری، پەیوەندی بە گەرمەهێڵەکانی وەزارەتەوە بکەن، کە لە مانگ پیرۆزی ڕەمەزاندا بڵاو دەکرێنەوە.