Skip to the content

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە شاندێکی باڵای تەندروستیی تورکیا کرد

ڕۆژی چوارشەممە ٥ی شوباتی ٢٠٢٥، سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، پێشوازی لە قوبیلای قادر کاپوجو، جێگری کونسولی گشتیی کۆماری تورکیا لە هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد، كە لە وەزارەتی تەندروستیی توركیاوە هاتبوون.
لە دیدارێکدا کە تیمی ڕاوێژکارانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەری هێما بازرگانییەکان ئامادەی بوون، بریکاری وەزارەت کورتەیەکی لەسەر ئەک و ڕۆڵی وەزارەت لە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەگەڵ کۆماری تورکیا خستەڕوو.
بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا، هەروەها گرنگیدان بە ئاستی چارەسەری پزیشکیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و دڵنیاییی تەندروستی و كاركردنی كۆمپانیاكان، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بوو.
شاندی میوان ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد كە لە پلانیاندایە چەند كۆمپانیایەكی بواری تەندروستی، دەرمان و پێداویستیی پزیشكی بهێننە هەرێمی كوردستان، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی كار و بەرزكردنەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و سوودوەرگرتن لە شارەزایی، توانا و تەكنۆلۆژیای نوێی دەرەكی.