Skip to the content

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە شاندێكی کونسولخانەی گشتيی تورکیا کرد

ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، پێشوازی لە شاندێكی كونسولخانەی گشتيى توركیا لە هەولێر و چه‌ند بازرگان و خاوەنكاری ئەو وڵاتە كرد.
‎لە دیدارێکدا كە تیمی ڕاوێژکارانی وەزارەت و بەڕێوەبەرانی گشتيی پلاندانان و بازرگانی و بەڕێوەبەری هێما بازرگانییەکان ئامادەى بوون، بریکاری وەزارەت كورتەیەكى لەباره‌ى ئەرك و ڕۆڵی وەزارەت و ئەو خزمەتگوزاریيانەی پێشكەشيان دەكات بۆ شاندی میوان خستەڕوو.
پەیوەنديی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانيی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، تەوەری سەرەكيی دیدارەكە بوون. لای خۆیانەوە شاندی میوان خۆشحاڵيی خۆیان بۆ پێشوازیيەكە دەربڕی و ئامادەییان نیشان دا بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندیيە ئابووریيەكان و زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
‎كەشی لەباری هەرێمی كوردستان بۆ سەرمایەگوزاريی بیانی و شارەزایيی بازرگانانی توركیا و هەڵكەوتەی جوگرافيی توركیا و هەرێمی كوردستان، فاكتەر و هاندەرێكی گرنگن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هەماهەنگی و پەیوەندییەكان لە بواری بازرگانی و ئابووری.