Skip to the content

وەزیری بازرگانی كار بۆ دامەزراندنی سەنتەری بازرگانی و زیادکردنی کۆمپانیا هندییەکان ‎لە هەرێم دەكات

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٥، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە شاندێکی کونسوڵخانەی هیندستان لە هەرێمی کوردستان، کە پێک هاتبوو لە برجیش کۆمار، کونسوڵی گشتی و هیتیش سینگ میهرا، جێگری کونسوڵی گشتی کرد.

‎لە دیدارەكەدا، ڕاوێژکاری پەیوەندییەکانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی و تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ئامادەی بوون، باس لە بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی هیندستان کرا.

‎هەروەها، جەخت لە هەنگاوی دامەزراندنی سەنتەری بازرگانی لە هەرێمی کوردستان کرا، ئاماژە بە کۆمپانیا هیندییەکان کرا، کە تەنها (١٠) کۆمپانیایی هيندی لە هەرێم تۆمار کراون، زیاد کردنی ئەو ژمارەیە بە گرنگ زانرا.

‎لای خۆیەوە، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئامادەیی وەزارەتی نیشاندا بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و ئاسانکارییەک لەپێناو بەهێز کردنی پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازییەکانی نێوان هەر دوولادا.