نوێنەرانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بەشدارییان لە كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە وڵاتی هۆڵەندا کرد

ڕۆژی دووشەممە ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە پێکهاتوون لە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، سەروەر کەمال هاواری و عەلی عوسمان، بریکارانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە یەکێتیی ئەورووپا، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و ژمارەیەكی بەرچاو لە بازرگانانی كوردستان، لە شاری (لاهای)ی وڵاتی هۆڵەندا، بە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە كۆڕبەندێكی ئابووریی جیهانی بەشدار بوو، کە لەلایەن سەنتەری نێودەوڵەتیی (WHC)، بە هەماهەنگی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هۆڵەندا ڕێکخرابوو و ژمارەیەکی بەرچاو لە وەزیران و بەرپرسانی حکومەتی وڵاتانی جیهان و وەبەرهێنەران و کۆمپانیا جیهانییەکان و کۆمپانیاکانی کوردستان ئامادەی بوون.
لە کۆڕبەندەکەدا چەندین بابەت پێشکەش کران و جەخت لەسەر پلان و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و پێشخستنی سێکتەری کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان کرایەوە.
هاوکات هەر لەمیانی کۆڕبەندەکەدا، ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، سێ گرێبەست لەنێوان کۆمپانیاکانی کوردستان و وڵاتی هۆڵەندا واژۆ کران، بە مەبەستی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان.