Skip to the content

بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بازاڕی هەولێری بەسەر کردەوە

شەوی چوارشه‌ممه‌ ١٩ی ئاداری ٢٠٢٥، سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی، بە یاوەری بەڕێوەبەری گشتيی بازرگانی و تیمێکی چاودێريی بازرگانيی هەولێر، ناوبازاڕی شاری هەولێریان بەسەر کردەوە، بە مەبەستی لەنزیکەوە ئاگه‌داربوون لە نرخ و کوالێتيی پێداویستيی ڕۆژانەی هاووڵاتيیان.
لەمیانی سەردانەكه‌دا چه‌ندين شوێن و فرۆشگه‌ چاودێری کران و جەخت لەسەر پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی چاودێريی بازرگانی کرایەوە لەلایەن دوکاندار و فرۆشیارانەوە.
بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری بازرگانی لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکان لەنزیکەوە لە ناو بازاڕی هەولێر گفتوگۆیان کرد، بۆ ئەوەی هەموو لایەک هاوکاربن لە نەهێشتنی قۆرغکاری و بەرزکردنەوەی نرخ و ڕێگریکردن لە ساغکردنەوەی بەرهەمی خراپ لە بازاڕدا. هەروەها بە گرنگیيەوە باسی ڕۆڵی میدیا و ڕاگەیاندنەکانی کرد لە گواستنەوەی ڕێنماییەکانی چاودێريی بازرگانی و گوتی: سەرەڕای هەبوونی گرفتی بەرزی نرخ و خراپی کوالێتيی کاڵاکان لە هەندێک شوێن، خۆشبەختانە توانراوە کۆنتڕۆڵی بازاڕ بکرێت لەلایەن تیمەکانی چاودێریيەوە بە هاوکاريی هاووڵاتیيان، كه‌ لە حاڵەتی هەبوونی هەر دیاردەیەک تیمەکان ئاگه‌دار دەکه‌نه‌وه‌.