سیستەمی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک لە پارێزگەی هەڵەبجە چالاک کرا

ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی ئایاری ٢٠٢٥، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم و ئەیمەن محەمەد، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، لە سەردانێکدا بۆ پارێزگەی هەڵەبجە سیستەمی بەئەلیکترۆنیکردنی پسولەی خۆراکی هاووڵاتییانیان چالاک کرد و لە پرێسکۆنفرانسێکدا ڕایانگەیاند؛ دەستپێکی بەئەلیکترۆنیکردنەکە لە پارێزگەی هەڵەبجەوە دەبێت و هاووڵاتییان لەوڕێگەیەوە دەبنە خاوەنی پسوولەی ئەلیکترۆنیی خۆراک.
جێی ئاماژەیە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە هەماهەنگیدایە لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و هەوڵیداوە ئەو ئیمتیازاتانەی لە بەغدا هەن، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
هەر لەمیانی سەردانەکەیان لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە کۆبوونەوە، دواتر سەردانی سایلۆی هەڵەبجەیان کرد.