وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە کونسولی سعودییە کرد

لە دیدارێکدا کە عەلی عوسمان، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری پیشەسازی و بەڕێوەبەرانی گشتیی دیوان، پلاندانان، بەدواداچوون و تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ئامادەی بوون، باس لە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی عەرەبستانی سعودییە کرا و تیشک خرایە سەر ئەو هەنگاوانەی کە پێویستن بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکان لە ڕووی بازرگانی و پیشەسازییەوە.
کونسولی سعودییە ڕایگەیاند لە ماوەیەکی کەمدا ناوەندی بازرگانیی سعودییە - کوردستان دەکرێتەوە.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەڵێنی پشتیوانی و هاوکاری وەزارەت و حکومەتی هەرێمی بۆ هەنگاوی جدی بازرگان و کۆمپانیا و خاوەنکاری بیانی دەربڕی.
جێی ئاماژەیە تا ئێستا (٩٢) هێمای بازرگانیی تایبەت بە کاڵای وڵاتی سعودییە و پێنج کۆمپانیای ئەو وڵاتە لەلای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی تۆمار کراون.