چین لە ڕێگەی کۆمپانیاکانییەوە کوردستان دەکاتە ناوەندێکی بازرگانی و پیشەسازی

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، عەلی عوسمان، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری پیشەسازی، بەڕێوەبەرانی گشتیی دیوان، پلاندانان، بەدواداچوون، تۆماری کۆمپانیاکان و گەشەپێدانی پیشەسازی، لەگەل شاندی کۆمپانیا چینییەکان ئامادەبوون؛ کە لە بواری وزەی خۆر کاریان دەکرد.
گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکان و ئاستی پیشەسازیی هەرێم کرا و ستافی وەزارەت روونکردنەوەی پێویستیان لە بارەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی حکومەت بۆ بازرگانی و پیشەسازی خستەڕوو.
پاشان نوێنەرانی کۆمپانیاکان باسیان لە پرۆژە و کارەکانی خۆیان کرد و بەرنامەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کەوا بەنیازن کوردستان وەک سەنتەرێکی گرنگی بازرگانیی چینی، بەڕووی وڵاتانی ناوچەکە بەکاربخەن. هەروەها لە ڕێگەی کردنەوەی کۆمەڵگەیەکی پیشەسازییەوە بتوانن پرۆژەکانی خۆیان بهێننە کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش داوای هاوکاری و کارئاسانییان لە وەزارەت و حکومەتی هەرێم کرد.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، بەگرنگییەوە ڕوانیە پێشنیار و پرۆژەکانیان و گوتی: "بەدڵنیاییەوە بەرنامەی حکومەتی هەرێم و پلانی ستراتیژیی وەزارەت، بە هەموو شێوەیەک هاوکارە و ئاسانکاریی زۆری بۆ هەر بازرگان و کۆمپانیا و تیمێکی وڵاتان تێدایە؛ کە بیانەوێ بەشداریی پرۆسەی پێشخستنی کەرتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بکەن".