Skip to the content

باڵیۆزی نوێی بەنگلادیش سەردانی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی کرد

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، پێشوازی لە محەممەد مەقسودول حەق، سەفیری گشتیی بەنگلادیش لە عێراق کرد و باسیان لە هەنگاونان بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان هەردوولا کرد.

لەدیدارێکدا کە هەریەکە لە بەڕێوەبەرانی گشتیی دیوان، پلاندانان و بەدواداچوون و بازرگانی، بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی و جەمال جەلال بەڕێوەبەری کاروباری ئاسیا و ئوسترالیا لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت ئامادەبوون، تیشک خرایە سەر پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێم و بەنگلادیش.

لای خۆیەوە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، پیرۆزبایی خۆی و وەزارەتی لە باڵیۆزی نوێ کرد و بەڵێنی هاوکاری و پشتیوانیی هەر هەوڵێک بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکان لە ڕووی بازرگانی و پیشەسازیی نیشاندا و گوتی: "سیاسەتی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕوونە، بە ئاڕاستەی پەرەسەندنی پەیوەندیی بازرگانیی لەگەڵ وڵاتان، تا دێت باشتر دەبێت و ئێمەش وەک خۆمان هەموو هەوڵ و هاوکارییەک پێشکەش دەکەین، لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازییەکانمان".

دواتر تیمی وەزارەت ڕاوسەرنجی خۆیان خستە ڕوو؛ بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیش ئاماژەی بە یاسا و ڕێنماییەکانی تایبەت بە بواری بازرگانی و مۆڵەتی هاوردەکردن و هەناردە و کاری بازرگانیی کۆمپانیا بیانییەکان کرد. ئامادەبووانیش چەند پێشنیارێکیان بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی بازرگانی و پیشەسازی و نزیکبوونەوەی بازرگانانی کوردستان و بەنگلادیش خستە ڕوو.

باڵیۆزی نوێی بەنگلادیش، سەرەڕای سوپاسکردن و پێشوازی وەزارەت و حکومەتی هەرێم بۆ هاوکاریکردنیان، بەگرنگییەوە باسی لە کاری هاوبەش و هەنگاونانی حکومەتی بەنگلادیش لەناوچەکە کرد، بەتایبەت کوردستان کە جێی بایەخیانە و گوتی: "ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ حکومەتی نوێی بەنگلادیش دەرفەتێکی باشتر بەڕووی وڵاتان بۆ پەیوەندییە بازرگانییەکانمان بکەینەوە و بەدواداچوون بۆ کەموکورییەکان بکەین و هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکانیش دەدەین".