Skip to the content

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازى له‌ كونسولى گشتى و ژمارەیەک کۆمپانیای هۆڵەندايى کرد

ڕۆژى سێشەممە ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، پێشوازی لە ئادریان ئایلستاین، کونسوڵی گشتيی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە کۆمپانیا گه‌وره‌كانى وڵاتی هۆڵەندا كرد، کە بە مەبەستی کاری هاوبەش هاتوونەتە کوردستان.

لە کۆبوونەوەیەکدا، کە هەر یەکە لە ڕاوێژکاری پەیوەندییەکان و بەڕێوەبەرانی گشتيی دیوان و بازرگانی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ئامادەى بوون، باس لە ئاستی پەیوەندییە بازرگانیيەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی هۆڵەندا کرا و لای خۆیەوە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ئامادەیيی حکومەت و وەزارەتی بۆ هاوکاریکردنی هەر دەستپێشخەری و هەنگاوێک دەربڕی کە وڵاتان لە بواری پیشەسازی و بازرگانی هەیانبێت و گوتی: هەمیشە پشتیوانی وەبەرهێنان و بازرگانيی دەرەکیمان کردووە، تا بتوانین لە ناوخۆدا سوود لە ئەزموون و سه‌رمايه‌كانى ديكه‌ وەربگرین بۆ پێشخستنی ئاستی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمى كوردستان، پێشمان باشە پەیوەندییەکانمان زیاتر بکەین لە ڕووی بازرگانی و کۆمپانیای بیانی بێن کاربکەن لەناوچەکە.

لای خۆیانەوە شاندی کۆمپانیاکانی هۆڵەندا کە لە بوارەکانی کشتوکاڵ، سەلامەتيی هاتوچۆ، ڕێگاوبان، وەبەرهێنان، بیناسازی و چەندان بواری تر کار دەکەن خۆشحاڵبوون بەوەی دەتوانن لە هەرێمی کوردستان کار بکەن و کەشی بازرگانی و سەقامگیريی ناوچەکەیان بۆ گرنگ بوو کە گرەنتیەکی باشە بۆ کۆمپانیاکانیان بتوانن سەرمایەگوزاری لە هەرێمدا بکەن.

هەروەها کونسوڵی گشتيی هۆڵەندا بەسوپاسەوە هاوکاری و هەماهەنگیى وەزارەتی لەگەڵ تیم و کۆمپانیا هۆڵەندايیەکان بەرز نرخاند و ئاماژەی بە هەوڵەکانیان کرد بۆ کردنەوەی ناوەندێکی بازرگانيی هۆڵەندی _ کوردستانی.