لە مانگی ڕەمەزاندا چاودێریی بازاڕ توندتر دەکرێت و ڕێگە بە گرانکردنی نرخ و قۆرخکاری نادرێت
ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی شوباتی ٢٠٢٦، سەروەر کەمال هاواری بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی، لەدیوانی وەزارەت لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی شارەکانی هەرێم کۆ بووەوە.
لەکۆبونەوەکەدا، کە هەریەکە لە ڕاوێژکاری یاساییی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی ئامادەبوون، باس لەوە کرا کە ڕێگەنەدرێ بەهۆی زۆری خواست لەسەر کاڵا و کەلوپەلی خۆراک، قورخکاری و گرانکردنی نرخی کاڵاکان ئەنجام بدرێت؛ هەروەها بڕیار درا چاودێریی بازاڕ چڕ بکرێتەوە و هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ خاڵە سنوورییەکان بکرێت، بۆ ئەوەی هیچ کاڵایەکی بێ کوالێتی یان ماوەبەسەرچوو نێتە ناوەوە. لیژنەکان دەسەڵاتی تەواویان پێ درا، بۆ سزادانی هەر بازرگان یان فرۆشیارێک، کە بیەوێت ئەم مانگە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی بقۆزێتەوە و نرخەکان گران بکات.
دواتر بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ناوەرۆکی کۆبونەوەکەیان بۆ ڕۆژنامەوانان ئاشکرا کرد و دڵنیاییان دایە هاووڵاتییان، کە لیژنەکانیان خاوەن ئەزموونێکی زۆرن و پشت بە (مانێفێستی) هاتنی کاڵاکان دەبەستن بۆ دیاریکردنی نرخەکان. هەروەها ئاماژەیان بەوەدا ئەگەر کاڵایەک پێشتر هاوردە کرابێت، ڕێگە نادەن بە نرخی نوێ و گرانتر بفرۆشرێت؛ هەر سەرپێچییەکیش ڕووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە.