بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بەشداری لە دیداری وەبەرهێنان لە نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی سعودی كرد
ڕۆژی یەکشەممە ، ٨ی شوباتی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی سەروەر کەمال هاواری بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی، ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، د. محەمەد سولەیمان ئەلعوسیری کونسوڵی گشتیی سعودیە، عەززام بن محەمەد عەبدوللەتیف بەرپرسى نووسینگەى بازرگانیى سعودی لە هەولێر، سەرۆكی ژوورەكانی بازرگانیی هەولێر و دهۆك، ژمارەیەک کۆمپانیا و پیاوانی کار، دیداری وەبەرهێنان لە نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی سعودی بەڕێوە چوو.
لە دیدارەکەدا، تیشک خرایە سەر پەیوەندیی توندوتۆڵی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی سعودی و کەشی لەبار و دۆخی ئابووری، زەمینەی گونجاو و دەرفەتی وەبەرهێنانی سەرمایەداران؛ هەروەها ئالیەت و هەنگاوەکانی کاری هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و شانشینی سعودی دووپاتكرایەوە؛ هاوکات جەخت لەبارەی لێكتێگەیشتن و بەرەوپێشوەچوونی كارەكان، بەپێی ڕێكکەوتنی هاوبەشی هەردوولا کرایەوە.
لە وتەیەكدا بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە ناوی وەزارەت، تیشكی خستە سەر ئەو كار و خزمەتگوزارییانەی كە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی پێشكەشی دەكات؛ هاوكات پاڵپشتی و ئامادەیی نیشاندا بۆ دروستكردنی هەماهەنگی و كاری هاوبەش .
نووسینگەی نوێنەرایەتیی بازرگانیی سعودیە لە هەولێر، بەردەوامە لە ڕۆڵی پاڵپشتیکردنی پەیوەندییەکان و ئاسانکاری بۆ هاوکارییەکانی نێوان کەرتی گشتی و تایبەتى نێوان هەردوولا.