وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی ئیمارات و کونسوڵی شانشینی ئەردەن لە هەرێمی کوردستان کرد
ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، بە ئامادەبوونی عەلی عوسمان بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری پیشەسازی، بەجیا پێشوازی لە ئەحمەد حەسەن ئەلشحی کونسوڵی گشتیی ئیمارات، زیاد بتارسە کونسوڵی شانشینی ئەردەن لە هەرێمی کوردستان کرد؛ کە بەمەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیان و هەرێم هاتبوون.
لەهەردوو دیداردا، کە هەریەکە لە بەڕێوەبەرانی گشتیی دیوان، پلاندانان، بەدواداچوون، بازرگانی، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازی ئامادەبوون، باس لەئاستی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتان کرا و زانیاریی لەبارەی ژمارەی کۆمپانیا تۆمارکراوەکان و کارگە و هێما بازرگانییە تۆمارکراوەکانی ئەو دوو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان خرانە ڕوو و پێشنیاری زیادکردنیان کرا.
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، ستراتیژیی کابینەی حکومەت و پلانی وەزارەتی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ دەوڵەتان ڕوونکردەوە؛ ئامادەیی هاوکاری و پاڵپشتی بۆ سەرمایەگوزاریی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانیان دەربڕی، بە ئامانجی پێشخستی کەرتی ئابووری لە هەرێمی کوردستان.
لای خۆیانەوە کونسوڵی گشتیی ئیمارات و کونسوڵی شانشینی ئەردەن، پێزانینی دەوڵەتەکانیان بۆ هەرێم و وەزارەت نیشاندا؛ ئاماژەیان بەوەدا هەوڵی زیاتر دەدەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.