Skip to the content

پڕۆژەیەكی گرنگ و ستراتیژی بۆ چاودێریکردن و بەرێوەبردنی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی ڕاگەیندرا

ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ کاروباری بازرگانی، بەشداری لە مەراسیمی واژۆكردنی یاداشتنامەیەكی لەیەكتێگەیشتن لەنێوان هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵ و شارەوانی لە هەرێمی كوردستان و حكومەتی فەرەنسا کرد؛ لە چوارچێوەى هەوڵەکانى زیادکردنى ئاوى سەرزەوی و ئاوى ژێرزەوی، گلدانەوەى ئاو و ئەنجامدانى ئەو پڕۆژانەى کە کاریگەریى گەورەیان دەبێت لە هەرێمی كوردستان.

مەراسیمەكە بە ئامادەبوونی وەزیری کشتوکاڵ و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و پارێزگاری هەولێر و یان بریم سەرکۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی هەردوو وەزارەت و بەرپرسانی ئیداری بەڕێوە چوو.

لە ڕێورەسمەکەدا  یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی شارەوانی حکومەتی هەرێم و کۆنسوڵخانەی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر، لە چوارچێوەی پڕۆژەی ( کیوانۆ ، گرینستیزن ) واژۆ كرا.

ئەم پڕۆژەیە سەرەتایەکی گرنگە بۆ پاڵپشتیی ژێرخان و باشتر چاودێریکردن و بەڕێوەبردنی ستراتیژیی بەکارهێنانی ئاو و چۆنیەتیی دەستگەیشتن بە داتا و زانیاریی پێویست و ورد، لە بارەی داهاتی ئاو و چۆنیەتیی بەکارهێنان و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان.