بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پێشوازی لە خاوەنكارانی ڕێكخراوی USIAD و شاندێكی بازرگان و خاوەن كاران کرد
ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، سەروەر کەمال هاواری بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە خاوەنكارانی ڕێكخراوی "USIAD" (كۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەن كارانی نێودەوڵەتی)، بەسەرۆكایەتی نواف كلش و شاندی یاوەری کرد؛ كە پێكهاتبوون لە ١٦ بازرگان و خاوەن كار.
لە کۆبوونەوەیەکدا كە تیمی ڕاوێژكارانی وەزارەت ئامادەبوون، بریکاری وەزارەت تیشكی خستە سەر ڕۆڵی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و ئەو كار و خزمەتگوزارییانەی كە پێشكەش بە بازرگانان دەكرێت؛ هەروەها ئاماژەی بە بایەخی ئەم دیدار و بەیەکگەیشتنانەدا کە پێویستییەکی گرنگە، بۆ بەرەوپێشبردن و گەشەسەندنی جوڵەی بازرگانی و ئابووری نێوانیان.
دواتر شاندی میوان، باسیان لە ئەزموونی خۆیان كرد و سەرسامی خۆیان بە ئاسایش و سەقامگیری و ئاوەدانی كوردستان دەربڕی و خوازیاربوون كە لە ئاییندەدا لقی كۆمپانیاكانیان و براندەكانیان بهێننە هەرێمی كوردستان.