د. دیندار زێباری سەرپەرشتی کۆبوونەوەی دووەمی تایبەت بە رەشنووسی پلانی هەرێمی کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە ڕێککەوتی ٢٣/٥/٢٠٢١ د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی دووەمی تۆڕی زانیاری نووسینگەی ڕێکخەری تایبەت بە رەشنووسی پلانی هەرێمی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان کرد، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی زیاتر لە (٣٥) وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکانی هەرسێ دەسەڵاتی یاسادان، جێبەجێکردن و دادوەری.
لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووان تێبینی و سەرنجی خۆیان سەبارەت رەشنووسی کۆتایی پلانەکە خستەڕوو دوای وەرگرتنیان لەلایەن وەزارەت و دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بڕیار درا دوای دەوڵەمەندکردنی پلانەکە بنێردرێتە سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە مەبەستی پەسەند کردن و جێبەجێکردنی.