ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران پلانی هەرێمی خستەڕوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران، لە لایەن د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، (پلانی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021- 2025 ) خرایەڕوو.
وەک بەشێک لە پابەندیی هەرێمی کوردستان بە پلانی نیشتمانیی فیدراڵی کە لە سەر بنەمای ئەو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییانەیە کە عێراق ئەندامە تێیاندا بە ڕەچاوکردنی تێبینی و ڕاسپاردەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە ئامانج لێی گونجاندنی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانە لە گەڵ پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و ئەو ماف و ئازادییانەی لە دەستووری فیدڕاڵی هاتوون.
سەرەڕای بەشداریکردنی هەرێم لە چوارچێوەی شاندە فیدڕاڵیيەکان لە گفتوگۆ و پێگە نێودەوڵەتیەکانی بواری مافی مرۆڤ و پتەوکردنی دامەزراوەکانی هەرێم لە جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان و برەودان بە ڕۆڵی ئافرەتان و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و پێشوازیی لە ئاوارە و پەنابەران و دەستنیشانکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە جێبەجێکردنی پلانەکە.
دوای خستنەڕووی چەند سەرنج و تێبینییەک، بڕیاردرا لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری کۆتایی پەسەندکردنی بدرێت و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.