لە شاری بەرلین، تاوتوێی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم دهكرێت لە وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی داعش
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ١٣/٤/٢٠٢٢ لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەهەندە داراییەکانی ڕێکخراوی داعش. لەم کۆبوونەوەیەدا نوێنەری حکومەتی هەرێم، کریستن ریتسچیر سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، نوێنەری تیمی هەماهەنگیکاری نیشتمانی لەگەڵ تیمی یونیتاد (NCC) و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئامادە بوون.
د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەری حکومەتی هەرێم لەم کۆبوونەوەدا ڕایگەیاند: دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش دەستیان بەسەر چەند ناوچەیەکی عێراق و سووریادا گرت، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەنگاوەکانی دەستپێکرد بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی "داعش"، سەرەتا لە ساڵی ٢٠١٥ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ژمارە (٢١٩٩)ی دەرکرد بۆ ڕێگا گرتن لە تەمویلی دارایی داعش و بەرەی نوسرە لە عێراق و سووریا.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە ڕۆڵی حکومەتی هەرێم لەو بوارەدا وتی: حکومەتی هەرێم لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوەی زۆری ئەنجامداوە سەبارەت بە سەرچاوە داراییەکان و تەمویلکردنی تیرۆریستانی داعش کە بەشێکی زۆری بریتی بوو لەو پارەیەی بەرامبەر بە ڕزگارکردنی ئەو کەسانە دەستی دەکەوت کە دەیڕفاندن. لەم کۆبوونەوەیەدا هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم دەخرێنە ڕوو، هاوکات باس لە میکانیزمەکانی ئاڵوگۆڕی زانیاری دەکرێ لەبارەی دیاریکردنی سەرچاوەکانی داهاتی داعش و ئەو لایەنانەی کە هاوکاریی داراییان کردووە بە ئامانجی دادگایی کردنیان.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی هەنگاوەکانی داعش بۆ بەهێزکردنی سەرچاوە داراییەکانی وتی: تیرۆریستانی داعش سوودیان لە لاوازی سیستمی بانکی و دارایی عێراق وەرگرت بۆ بەهێزکردنی سەرچاوە داراییەکانی بە هاوکاری ژمارەیەک کەس و کۆمپانیا و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو کە لە دەرەوە پارەیان بۆ دەهات، بە رێگای جیاوازەوە زۆر جار لە عێراق دەنێردرایە دەرەوە دواتر دووبارە بە شێوازی جۆراوجۆر دەگەڕێندرایەوە ناوچەکانی ژێڕ دەستی داعش لە عێراق بەر لە رزگارکردنی ئەو ناوچانە.
سەبارەت بە سەرچاوە داراییەکانی داعشیش وتی: داعش بەشێوازی جیاجیا داهاتی دەست دەکەوت لەوانە: بهقاچاخبردن و فرۆشتنی نهوت، شوێنەوار، سهپاندنی باج و گومرگ بهسهر هاووڵاتیان، ئازادکردنی دیل بە پارە، سەرچاوەی داھاتی ناوخۆیی ئەو شوێنانەی لەژێر دەستی بوون و دەستبەسەرداگرتنی بانکەکان، بەڵام دوای نەمانی دەسەڵاتی بەسەر شارەکاندا ههموو ئهو سهرچاوانهی لهدهستداوه كه پارهیان بۆ دههێنایه ناوهوه.