Skip to the content

ڕوونکردنەوەیەکی بەرایی لەسەر ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە ڕێککەوتی ١٢/٤/٢٠٢٢، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم میکانیزمێکی کاری هاوبەشی لەگەڵ هاوتا نێودەوڵەتییەکان هەیە و لەوانەش کونسوڵگەری گشتی ئەمریکا لە هەرێم بۆ مەبەستی پشتڕاستکردنەوە و بەدواداچوونی تێروتەسەل و وەڵامدانەوە. 
ئەم بەیاننامەیە بەسەر چەند پرسێکی دیاریکراو ڕادەگات کە لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەیان پێکراوە. ڕوونکردنەوەی تەواو لەسەر ڕاپۆرتەکە لە ماوەیەکی نزیکدا ئامادە دەبێت و نووسینگەی ڕێکخەر بڵاویدەکاتەوە. 
وەک دەستپێک، پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە حکومەتی هەرێم بەرنامەیەکی گشتگیری داڕشتووە بۆ چاکسازی یاسایی و دامەزراوەیی لەڕووی مافی مرۆڤەوە و لە چوارچێوەی (پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ) جێبەجێی دەکات. 

پلانەکە لە ڕێککەوتی ١٥/٩/٢٠٢١ لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند کرا، و لەو کاتەوە وەک نەخشەڕێگایەکی سەرەکی بۆ بەرجەستەکردنی بەرەوپێشچوونەکان لە بواری یاسا و دامەزراوەییەوە کارایە و کاری لەسەر دەکرێت. پلانی هەرێمی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بۆ چاکسازی لە ٢٧ بواری مافی مرۆڤ لەخۆدەگرێت و پابەندبوونی دامەزراوەیی گەڵاڵە دەکات بۆ جێبەجێکردنیان. 

هەنووکە پلانەکە لە قۆناغی جێبەجێکردندایە، و لەم ڕووەوە چەندان ۆورکشۆپ لە بوارە جیاجیاکانی مافی مرۆڤ ساز دەکرێت بۆ پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان و چەسپاندنی گۆڕانکارییەکان. لایەنە ناوەخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە سەرەتای داڕشتنی پلانەکەوە لەم پڕۆسەیە بەشداربوون و بەشێکی زۆریان ئامادەییان نیشانداوە بۆ سازدانی ۆورکشۆپ بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان. 
دەزگاکانی ئاسایش و هەواڵگری لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کاردەکەن. گەرچی لامەرکەزیەک هەیە لە هەندێک بابەت و دەسەڵات بەسەر پارێزگاکان شۆڕکراوەتەوە، بەڵام ئەنجوومەنی ئاسایش، سیاسەتی ئەمنی هەرێم دادەڕێژێت و بە تەنیا ئەو لێی بەرپرسە.  
لە ڕووی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە لە کۆی ٢٧ کەمپ ٢٥یان لە هەرێمی کوردستانن و حکومەتی هەرێم پابەندبووە بە دانەخستنیان تا گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان، کە هێشتا لە خەمی بارودۆخی ئەمنی و تێکدانی ماڵ و حاڵەکانیان لە پرۆسەی ڕزگاریدا ناگەڕێنەوە بۆ ئەم شوێنانە. هاوکات، هەروەک لە ڕاپۆرتەکە ئاماژەی پێدراوە، پەنابەرەکان مافی ئازادی هاتووچۆ و کارکردنیان پێدراوە بە مەرجێک کە مۆڵەتی مانەوەیان پێبێت. 
سەبارەت بە دەسەڵاتی دادوەری حکومەتی هەرێم ڕێز لە سەربەخۆیی دادگاکان دەگرێت، پابەندە بە سیستەمی بەرزەفتکردنی دامەزراوەیی و ناتوانێت دەستوەردان لە کاروباری دادگاکان بکات. 

حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو پابەندە بە حوکمی یاسا و بە پرۆسەی یاسایی دادپەروەرانە و بێلایەن و بۆ ئازادی ڕاگەیاندن . حکومەت لە ئێستادا لەگەڵ هاوتا نێودەوڵەتییەکان کار دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی هەرێمی کوردستان باشترین پراکتیزەی مافی مرۆڤ دەکات بە گوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەتی سەبارەت بە ئازادی ڕاگەیاندن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵیداوە بۆ پاراستن و بەرزکردنەوەی مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی جەنگی دژ بە تیرۆر و دوای جەنگی دژی تیرۆر، پەناگەی ئارام بۆ ئاوارەکان و پەنابەران دروست بکات، سەرەڕای ئەو قەیرانە ئابورییە توندە و مەترسی نزیکی داعش. هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان نموونەی بەرجەستەکردنی بنەما دیموکراتییەکانی حوکمڕانی باش، شەفافیەت، ئازادی ڕادەربڕین، یەکسانی ڕەگەزی و مرۆڤدۆستی، لە عێراق و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشانداوە.