Skip to the content

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری لەندەن لەگەڵ فەرمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشی جێندەر کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە، ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، دوابەدوای کۆتاییهاتنی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی دەستپێشخەریی نەهێشتنی توندوتیژیی جێندەری لە ململانێکان (PSVI) لە لەندەن، شاندی حکوومەتی هەرێم کە پێکهاتوون لە دکتۆر دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، کاروان جەمال تاهیر، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە شانشینی یەکگرتوو و خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، بۆ بارەگای وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا بانگهێشت کران و چاویان بە ئیڤان پارکس، جێگری بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و ڕۆزی کەیڤ، سەرۆکی یەکەی جێندەر لە وەزارەت کەوت.

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی تیمەکانی وەزارەتی دەرەوەیان کرد بۆ بانگهێشتیان بۆ ئەو کۆنفرانسە و ڕایانگەیاند کە "کۆنفڕانسەکە دەتوانێت ببێتە ئامرازێک بۆ گۆڕانکاریی بەرچاو و هەمیشەیی."

سەبارەت بە تیمی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، وەفدی حکوومەتی هەرێم بابەتی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقیان وروژاند، کە چارەنووسی ناوچە کێشەلەسەرەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێم دیاریدەکات.
جێبەجێکردنی ماددەکە هۆیەکە بۆ پێکەوەژیان و ئاشتەوایی نیشتمانی و ئاسایش و سەقامگیری، پێشخستنی ڕێوشوێنی دادپەروەریی ڕاگوزەری کە ڕێگە بە بەدیهێنانی مافی ڕاستی و قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکان و هەروەها لێپرسینەوە لە پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی دەدات و دەکرێت ببێتە هۆی هەنگاوی خێراتر بۆ پێشخستنی بەشداریی تەواو و مانادارانەی ژنان.

جگە لەوەش، شاندی حکوومەتی هەرێم تیشکیان خستە سەر هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێشخستنی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد).

وەفدەکە ڕاشیگەیاند کە "حکوومەتی هەرێم پابەندبوونی بێوچانی خۆی بۆ هێنانەدی دادپەروەری بۆ قوربانیانی داعش دووپاتدەکاتەوە. بۆ هاوکاریکردنی تیمی یونیتاد لە پرۆسێسکردنی ئەو بەڵگانەی کە پێویستن بۆ لێپێچینەوەکان، دەزگاکانی حکوومەتی هەرێم کۆمەڵێک بەڵگە و زانیاریی بەرفراوانیان لەسەر ئەندامانی سەرکردایەتیی داعش و سەرچاوە داراییەکان داوە. هەروەها یونیتاد دەستی ڕاگەیشتووە بە هەموو ئەرشیفە بەڵگەییەکانی پەیوەست بە تاوانەکانی داعش کە لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی بە دیجیتاڵکردن لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە کۆکراونەتەوە و پارێزراون، کە هاوکاتە لەگەڵ پابەندبوونی عێراق بە بڕیارنامەی ژمارە ٢٣٧٩ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دادگاییکردنی داعش لەسەر تاوانە نێودەوڵەتییەکان."

دوای کۆبوونەوە لەگەڵ جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیەکی بەرهەمداریان لەگەڵ بەرپرسی یەکەی جێندەر ئەنجامدا.
سەرەتا دەستخۆشییان لە ڕۆزی کەیڤ کرد کە وەک کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەولێر دەستنیشانکرا و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست.

سەرۆکی یەکەی جێندەر بە شاندی حکوومەتی هەرێمی ڕاگەیاند کە وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا پاڵپشتییەکانی چڕتر دەکاتەوە بۆ بووژاندنەوەی پێوەرەکانی یەکسانیی جێندەری لە هەرێمی کوردستان و بابەتەکانی تری پەیوەست بە جێندەر لە ڕێگەی ئەنجامدانی زنجیرەیەک وۆرکشۆپ و ڕاهێنانی تەکنیکی.