Skip to the content

نووسینگەی ڕێکخەر و وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا تاووتوێی ئازادی ڕادەربڕین دەکەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- دوابەدوای دانیشتنەکانی تایبەت بە جێندەر و ئازادییە ئاینییەکان، دوێنێ ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، بە تاووتوێکردنی مافی ئازادیی ڕادەربڕین، کۆتایی بە دانیشتنە ئۆنلاینەکانی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا و کونسوڵخانەی گشتیی وڵاتەکە لە هەولێر هێنا. پەیوەندییەکان لێرەوە بۆ قۆناغی تری هەماهەنگی قووڵ دەبنەوە. بەریتانیا ڕۆڵی پێشەنگ دەگێڕێت لە جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ.

تیمی ئازادی میدیایی لە وەزارەتی دەرەوە، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا و تیمەکەی و ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و تیمەکەی، بەشداریی دانیشتنەکەیان کرد. ڕێگاکانی بەرەوپێشبردنی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی باس کرا. تیشک خرایە سەر ئازادیی ڕادەربڕین لە پلانەکەدا.

هەردوولا هاوڕا بوون بۆ ئەوەی "پێشکەوتنی بەرچاو و هەمیشەیی بچەسپێنرێت، هەوڵی تاکلایەنە بەس نابێت و لێرەوە هاوکاریی دوولایەنە پێویستە. لەم ڕووەوە هەنگاوەکان دەبێت خێرا و تەواو و لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بگونجێت. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە شارەزایی لە دەرەوە هاوردە بکرێت. وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا لەم ڕووەوە یارمەتیدەر دەبێت."

هەفتەی ڕابردوو شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی دەستپێشخەریی ڕێگریکردن لە توندوتیژی سێکسی لە ململانێکان (PSVI) سەردانی لەندەنی کرد. لە پەراوێز و لە بارەگای وەزارەتی دەرەوە، شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە کۆبووەوە، لەنێویاندا ڕۆزی کەیڤ، کونسوڵی نوێی بەڕیتانیا کە بەم نزیکانە دەستبەکار دەبێت. لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٣ەوە بەریتانیا پلانی هەرێمی بۆ بەرەوپێشبردنی ئازادیی ڕادەربڕین جێبەجێ دەکات.