Skip to the content

حكومەتی هەرێم لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعش بەپێی پرەنسیپە نێودەوڵەتییەكان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی  22/2/2022 لە گوندی حەردان لە باشووری چیای شنگال مەراسیمێك بۆ كردنەوەی نزیكەی (70) گۆڕی قوربانیانی ئێزدی ئەنجامدرا، لەم مەراسیمەدا د. دیندار زێباری نوێنەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان مسرور بارزانی بەشداربوو و ژمارەیەک لە لایەنەکانی حکومی، یوئێن و كەسوكاری قوربانیان و ڕێكخراوەكانی بیانی و ناوخۆییەكان ئامادەبوون.

د.دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە نوێنەرایەتی سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتەیەكی پێشكەش كرد، لە سەرەتای وتەكەیدا ئاماژەی بەوە كرد كە داعش تاوانی گەورەی دەرهەق بە گشت پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان کردووە بەتایبەتی كوردانی ئێزدی و گشت پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤی پێشێل كردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئێزدییەكان توانیان كەلتوور، ناسنامە و ئایینی خۆیان بپارێزن، ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە عێراقی و نێودەوڵەتییەکان هەوڵ دەدات هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت بۆ ئەوەی بەسەربەرزی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ناوچەکانیان ئاوەدان بکرێتەوە و ئارامی و سەقامگیری بگەڕێندرێتەوە شنگال و گشت ناوچە کێشە لەسەرەکان.

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: حکومەتی هەرێم کار دەکات بۆ ئەوەی لەڕووی یاساییەوە هاوکاریی قوربانیانی دەست داعش و کەسوکاریان بکرێت، لە ساڵی 1999 پەرلەمانی کوردستان یاسای (شوێنبزربووانی هەڵمەتەکانی جینۆسایدی گەلی کوردستانی) دەرکرد کە تایبەت بوو بە ئەنفالکراوانی بادینان و گەرمیان و بارزانییەکان، هەڵەبجە و کوردانی فەیلی، لە ساڵی 2021 پێشنیار کراوە کە یاساکە هەموار بکرێتەوە کە قوربانیانی دەستی تیرۆریستانی داعشیش بگرێتەوە بەتایبەتی کوردانی ئێزدی، هەروەها ڕۆژی 3/8/2014 وەک ڕۆژی بێسەروشوێنبووانی ئێزدی دەستنیشان کراوە.

لەلایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێم بە پشتگیری یونیتاد پڕۆژە یاسایەکی پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش بە تاوانی نێودەوڵەتی، چونکە ئەو تاوانانەی داعش ئەنجامیداون بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ و جینۆساید ئەژمار دەکرێن، مخابن کە دادگای باڵای ئیتیحادی پڕۆژە یاساکەی ڕەت کردەوە کە ئەمەش پێشینەیەکی نوێ بوو، لێرەدا بە پێویستی دەزانین ڕێگری لەم پڕۆژە یاسایە نەکرێت بۆ ئەوەی تیرۆریستان دادگایی بکرێن و کەسوکاری قوربانیان قەرەبوو بکرێنەوە.
نوێنەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکومەت بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش و وتی: حکومەتی هەرێم تاوانەکانی داعشی دیکیۆمێنت کردووە و لەم ڕووەوە (٥١٧٠) دۆسیە  تۆماركراون، لەوانە (٢٣٢٤) لێکۆڵینەوەکانیان کۆتایی هاتووە و ئامادەن.

هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) لە هەماهەنگی بەردەوامداین بەتایبەتی لە بابەتی ئەرشیفکردن و بە دیکیۆمێنتکردنی تاوانەکان و توانراوە  زیاتر لە (٧٣٩١٢) لاپەڕە دیکیۆمێنت بکرێت. 

لە بارەی رزگارکراوانیش کە حکومەتی هەرێم بە ئەرکی خۆی زانیوە لە کۆی  (٦٤١٧) ڕفێندراو کەس تا ئێستا  (٣٥٥٧) کەس ڕزگار کراون، مخابن (٢٧٥٦) کەس رزگار نەکراون و حکومەت بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ ڕزگارکردنیان، دوای ڕزگارکردنیشیان حکومەتی هەرێم پێداویستییەکانیان دابین دەکات و یارمەتییان دەدات بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێنەوە نێوکۆمەڵگه‌  و تا ئێستا زیاتر لە (١٠٠٠) ئافرەتی ڕزگارکراو نێردراون بۆ ئەڵمانیا بە مەبەستی چارەسەر کردن.

سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان دیندار زێباری وتی: ئاشکرایە حکومەتی هەرێم قوربانییەکی زۆری داوە بۆ ڕزگارکردنی ئەو ناوچانەی کەوتبوونە دەست تیرۆریستانی داعش کە گەیشتە نزیکەی (١٨٠٠) شەهید  و (١٠٣٦٩) بریندار و (٤٧) بێسەروشوێن بوو، بەڵام تا ئێستا ڕەوشی ناوچەکە سەقامگیر نییە. 

بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری و گەڕانەوەی هاووڵاتیان بۆ سەر زێدی خۆیان پێویستە هەوڵی جددی بدرێت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، پاککردنەوەی ناوچەکە لە پاشماوەی مین و تەقەمەنییەکان و بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری، ئەمەش بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگالی نێوان حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی هەرێم دێتە دی کە باشترین چارەسەرە ئاساییکردنی ڕەوشی ناوچەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان و دامودەزگا شەرعییەکان، چونکە ناسەقامگیری ناوچە کێشە لەسەرەکان بە گشتی بۆتە هۆی دروستبوونی بۆشاییەکی ئەمنی کە تیرۆریستان توانیویانە بیقۆزنەوە و تا ئێستا (٢٥٧) هێرشیان ئەنجامداوه‌ کە بۆتە هۆی شەهیدبوونی (٣٨٧) کەس و بریندار بوونی (٥١٨) کەس و بێسەروشوێنبوونی (٣٧)کەس لە پێشمەرگە و هاووڵاتیانی سڤیل.
 
لە کۆتایی وتەکەدا د.دیندار زێباری سوپاسی تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) و لیژنەی نیشتمانی هەماهەنگیکار (NCC) لە حکومەتی ئیتیحادی کرد، بۆ هەوڵەکانیان بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و هێنانەوەی ڕوفاتی قوربانیان.