Skip to the content

حکومەتی هەرێم ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە هەند وەردەگرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە ڕێککەوتی ١٩/٧/٢٠٢٢، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە پرسی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بڵاوکردەوە عێراق و هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنەکانن، و بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە هەرێم هەوڵی بەردەوامی بۆ بەرگرتن بەم دیاردەیە داوە. 

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گفتوگۆیەکی کراوەی لەگەڵ کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر هەیە، کە پڕۆسەیەکی تۆکمەی هاوبەشیکردنی زانیاری بەر لە دەرچوونی ڕاپۆرتەکانی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوە لەخۆدەگرێت. سەبارەت بە ڕاپۆرتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، نووسینگەی ڕێکخەر لە مانگی یەکی ئەمساڵ زانیاری فەرمی پێشکەش بە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا کردووە. ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئەندازەیەکی بەرچاو پشتی بە زانیارییە پێشکەشکراوەکان بەستووە.

لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان لە وەزارەتی ناوخۆ و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکای ئاگادارکردەوە کە پارساڵ شەش کەس بەهۆی تێوەگلان لە بازرگانیکردنی بە مرۆڤ سزادراون.

هەروەها ڕاپۆرتەکە لەژێر ڕۆشنایی ئەو زانیارییانەی نووسینگەی ڕێکخەر بۆیانی دابینکردووە ئاماژەی بەوە کردووە ٧٧ قوربانی ناسێنراون، لەوانە ٣٤یان قوربانیی بازرگانیکردن بە کرێکار بوونە. بەدەر لەمانەش، ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بە زانیارییە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێم کردووە سەبارەت بە میکانیزمەکانی دەستنیشانکردنی قوربانییەکان لە ڕێگەی نووسینگەکانی بەڕێوەبردن لە کەمپەکانی پەنابەران و ئاوارەکان، هێڵە گەرمەکان، کونسوڵخانەکان، دواتر ڕەوانەکردنیان بۆ لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان، لەنێویاندا پۆلیسی تایبەتمەند بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ.

لە هەرێمی کوردستان چەندین یاسا دەرکراون بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردە دزێوە. ماددەکانی ٣٩٣،٣٩٤، و٣٩٥ لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩، سزای قورسی بۆ ئەو تاوانبارانە داناوە. هەروەها، یاسای بەرەنگاربوونەوەی بەدڕەوشتی ژمارە ٨ی ساڵی ١٩٨٨ هەموو جۆرە کردەیەکی سێکسیی ناشەرعی قەدەغەکردووە و ئەوانەی بازرگانی بە قوربانییەکان دەکەن سزای قورسییان بۆ دانراوە.
 هاوکات، لە یاسای ژمارە ٦ی ٢٠١٨ی پەرلەمانی کوردستان، بازرگانیکردن بە منداڵان هەمان سەنگی یاسایی بۆ داندراوە و وەک دۆخی توند خراوەتەڕوو. سەبارەت بە کرێکارە بیانییەکان، ڕێنمایی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠١٥ی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی جێبەجێدەکرێت. 

لە یاسای ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٨ی پەرلەمانی کوردستان پێناسەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بە گوێرەی پرۆتۆکۆڵی نێودەوڵەتیی پاڵێرمۆ کراوە و وەک تاوانێکی نێودەوڵەتی ناسێندراوە. لێپێچینەوەکان و بڕیارەکانی دادگا لە ساڵی ٢٠٢١ سەبارەت بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ، وەک لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا جەختی لەسەر کراوەتەوە، لەسەر بنەمای یاسای تایبەتمەندبووە کە لە سەرەوە ئاماژەی پێدراوە. هەرچەندە یاساکە لە زۆر ڕووەوە بێ کەموکوڕییە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی هەرێم پێشنیاری چەند هەموارکردنەوەیەکی کردووە، لەوانە تەرخانکردنی سندوقێک بۆ دابینکردنی پارێزەر بۆ قوربانییەکان، کێشانی جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان قوربانییەکان و بازرگانەکان، هەروەها دامەزراندنی دادگای تایبەتمەند لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا.

لە ڕووی دامەزراوەییەوە، باس لەوە کراوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناونیشانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ گۆڕی بۆ بەڕێوبەرایەتیی تاوانە ڕێکخراوەکان، ئەمەش ئاماژەی هەوڵێکی چڕتر و ڕێکخراوترە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە. لە ساڵی ٢٠٢١ حکومەتی هەرێم دوو یەکەی نوێی بەڕێوبەرایەتی تاوانە ڕێکخراوەکانی بۆ ئیدارە تازە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ پەسەند کرد.

حکومەتی هەرێم هاوکاری پێشکەش بە قوربانییەکان دەکات، لەوانەش دابینکردنی پارێزەر و خەرجی و تیمی دادگەری و چارەسەرکردنی کێشەکانیان و گەڕاندوەیان بۆ ناو کۆمەڵگە. هاوکات مافی شایەتحاڵەکان دابینکراوە، و لە کاتی وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی ناویان ئاشکرا ناکرێت و لەژێر چاودێریی حکومەت دەبن. 

هەروەها، قەدەغەکردنی بەچەکدارکردنی زۆرەملێی منداڵان بە گوێرەی یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سەربازی و یاسای سزادانی سەربازی ڕێکخراوە، و بە هیچ شێوەیەک لە هەرێمی کوردستان ئەم دیاردەیە بوونی نییە.