Skip to the content

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا و نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان وۆرکشۆپێكیان له ‌باره‌ی جێنده‌ر سازكرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا و وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا (FCDO) لە ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢٢، دانیشتنی دووەمیان بۆ نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە جێبەجێکردنی پلانی هەرێم ڕێکخست. 
کۆبوونەوەکە لەسەر جێندەر و گرنگیدان بە توندوتیژیی سێکسی و ڕەگەزی، ڕۆڵی ڕەگەز لە ململانێیە چەکدارییەکاندا، بەشداریی سیاسیی ژنان  بوو. ئەم کۆبوونەوەیە بەسەر دوو دانیشتنی لاوەکیدا دابەشکراوە، کە دووەم دانیشتن لەم هەفتەیەدا بەڕێوەدەچێت.

لە کونسوڵخانەی گشتیی بەڕیتانیا، بەڕێز دەیڤید هانت کونسوڵی گشتی و تیمی سیاسی لە کونسوڵخانەوە ئامادە بوون. لە نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانیشەوە، د. دیندار زێباری و میدیا هۆشیار و محەمەد کامەران ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون. لە ڕێگەی بەرنامەی Zoomەوە، تیمی FCDO پێکهاتبوون لە ڕۆزی کەیڤ سەرۆکی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تۆڕی یەکسانی، نیا جۆنز لە تیمی سیاسەتی جێندەر و ململانێ، ئایرلی تایلۆر جێگری بەڕێوەبەری ناوچەیی - دامەزراوەی وێستمینستەر بۆ دیموکراسی (WFD)، کەیت لاتیمیر گەشەپێدەری کۆمەڵایەتی و ڕاوێژکار لە بواری توندوتیژیی جێندەری و ئۆلیڤیا ‌هێد لە تیمی دەستپێشخەری ڕێگریکردن لە توندوتیژیی سێکسی لە ململانێدا (PSVI).

تیمی FCDO بە ستایشی حکوومەتی هەرێم دەستیان بە جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کرد. ڕۆزی کاڤ جەختی لەوە کردەوە کە FCDO سەرنج دەخاتە سەر پەروەردە، بەهێزکردن و کۆتاییهێنان بە توندوتیژی دژی ژنان وەک سێ هەنگاو بۆ گەیشتن بە یەکسانیی جێندەری. هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه‌ پلانی هه‌رێمی كوردستانیش باس له‌و سێ بنەمایە‌ ده‌كات، ئەمەش ئاماژەیەکی ئەرێنییە کە پابەندبوونی حکوومەتی هەرێم بە لابردنی ئەو ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و سیاسییانە دەردەخات کە ڕێگری لە بەهێزکردنی ژنان دەکەن و ڕێگە بە ڕوودانی توندوتیژی جێندەری دەدەن.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تێڕوانینێکی گشتیی لەسەر پلانی هەرێمی خستەڕوو و جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەتی هەرێم پێشکەوتنی بەرچاوی تۆمارکردووە لەڕووی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی جێندەری و شیاندنەوە و پاراستنی ژنان لە کات و لە دوای جەنگ. ئەو هێڵە پانانەی لە پلانی هەرێمیدا باس لە ڕەگەز دەکەن، خرانەڕوو. 
تیمی نووسینگەی ڕێکخەر ڕوونیان کردەوە کە حکوومەتی هەرێم پابەندە بە نەهێشتنی ئەو بەندە یاساییانەی ڕێگەخۆشکەرن بۆ هەموو جۆرە جیاکارییەکی ڕەگەزی. لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ڕێگری لە توندوتیژیی جێندەری دەکات و هۆشیارکردنەوە و لێپرسینەوە بەردەوام دەبێت، هەروەها لە ڕووی سیاسییەوە ژنان تێکەڵ بە پڕۆسەی بڕیاردان دەکات.