Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ڕاوێژکاری تایبەتی یونیتاد هەماهەنگیی نێوانیان دووپات کردەوە

 هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە ٣ی تەممووزی ٢٠٢٢، دکتۆر دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم پێشوازی لە کریستیان ڕیتچەرد، ڕاوێژکاری تایبەتی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێشخستنی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) کرد.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان پاڵپشتی دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی نیشاندا بۆ بەدیهێنانی هەنگاوی باش لە سازکردنی زەمینەیەکی یاسایی لەبار بۆ دادگاییکردنی داعش لەژێر ڕۆشنایی ئەنجامدانی سێ تاوانە بنەڕەتییە نێودەوڵەتییەکان – جینۆساید، تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی.
لە سەرەتای دەستپێکردنی کاری هاوبەشی نێوان حکومەتی هەرێم و یونیتاد لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٠، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە فەرمی وەک نوێنەری حکومەتی هەرێم دەستنیشان کرا بۆ سەرپەرشتیکردنی هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد. لەم بارەیەوە، د. دیندار زێباری ڕایگەیاند کە "هەماهەنگییەکە کۆمەڵێک پڕۆژەی چڕ دەگرێتەوە، لەوانە بنیاتنانی کەیسی یاسایی، بە ئەلیکترۆنیکردنی ئەرشیفەکان، پاراستنی شایەتحاڵەکان، هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، و چاوپێکەوتنی دەستگیرکراوەکان – کە وابەستەن بە پرۆسەیەکی بەهێزی هاوبەشکردنی زانیاری."
 کریستیان ریتچەرد ئاماژەی بە بەشداری چالاکانەی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان کرد لە هاوکاریکردنی یونیتاد بۆ کۆکردنەوە و پرۆسێسکردنی بەڵگەی پێویست بۆ دادگاییکردنی دەستگیرکراوەکانی داعش لەژێر ڕۆشنایی ئەنجامدانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها ڕاوێژکاری تایبەتی یونیتاد ڕایگەیاند کە ئەرکی تیمی لێکۆڵینەوە بەشێکی پشت بە بەشدارییەکی گشتگیر و بەردەوام دەبەستێت.
جگە لەوەش تیشک خرایە سەر چوارچێوەی یاسایی ناوخۆیی. لەم ڕووەوە، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند کە "جێگیرکردنی ئەو سێ تاوانە سەرەکییەی کە لە سەرەوە باسکراون و هەڵپەساردنی سزای لە سێدارەدان پێشمەرجی یونیتادن بۆ ڕادەستکردنی بەڵگە کۆکراوەکان؛ بەڵام بە پشتبەستن بەو لێکدانەوە یاساییانەی کە تا ئێستا کراون، هەردوو دەستپێشخەرییەکە لەگەڵ چوارچێوەی یاسایی ناوخۆییدا ناگونجێت. سەرەڕای ئەوەش، حکومەتی هەرێم پڕۆژە یاسایەکی ئامادەکردووە کە باس لە تاوانە سەرەکییەکان دەکات، و لەبەر ئەوەی لە هەرێم سزای لەسێدارەدان  سنووردارکراوە، دەتوانرێت سوود لە پڕۆژە یاسایەکە ببیندرێت بۆ ئەنجامدانی دادگاییکردنەکان".
لە کۆتاییدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ڕاوێژکاری تایبەتی یونیتاد پابەندبوونی خۆیان بۆ هاوبەشی و بەردەوامی دووپات کردەوە.