Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان پێشوازی لە بەرپرسی نووسینگەی UNODC لە هەولێر کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕێکەوتی٣٠ حوزەیرانی ٢٠٢٢، د. دیندار زێباری و عەلی بێریر بەرپەرسی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوان (UNODC) لە هەولێر کۆبوونەوە. تاوتوێی ڕۆڵی UNODC کرا لە هەرێم، بە تایبەتی لەڕووی دەستنیشانکردنی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، باشترکردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی زیندانەکان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، و چاودێری قوربانیانی داعش.
وەک ئاشکرایە ڕۆژی ٢٦ی حوزەیران بە ڕۆژى بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان دانراوە و لە سنوورى پارێزگاى سلێمانیش لە شەش مانگى ئەمساڵدا ٢٤٠ کەس بە تۆمەتى بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەى هۆشبەر دەستگیر کراون کە ١١ کەس لەو تۆمەتبارانە لە ڕەگەزی مێن. هاوکات، 
بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بڵاوی کردەوەکە لە ٩٩٩ تۆمەتباری دەستگیرکراو بەتۆمەتی ماددەی هۆشبەر لە هەولێر و دهۆک، ٦٨٢ کەس سزادراون.
هەروەها لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بڕی ١٣٢ کیلۆگرام و ٧٢٩ گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆرە جیاوازەکان دەستی بەسەردا گیراوە، هەروەها ٢٨٢ شیت دەرمانی پزیشکیی هۆشبەر و ١٣٦ پاکەت حەب دەستیان بەسەرداگیراوە.
هەر لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا هەزار و ٢٣٠ کیلۆگرام و ٩٥٠ گرام ماددەی هۆشبەر کە پێشتر دەستیان بەسەرداگیراوە و کێشەکانیان لە دادگا یەکلایی بووەتەوە سووتێنراون و لەناوبراون.
  یاسای ژمارە ١ (٢٠٢٠)ی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵەکان بەرکارە و وەزیری تەندروستی سەرپەرشتی لیژنەیەکی باڵا دەکات بۆ ئەم مەبەستە. هاوکات، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پڕۆپۆزەڵێکی ئامادەکردووە بۆ تێچووی دروستکردن و بەڕێوەبردنی سەنتەرێکی شیاندنەوە، تێچووەکەی بە ٨ ملیار دینار خەمڵێندراوە، عەلی بێریر ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی لەمبارەیەوە.