Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ تیمێکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆبۆوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢، لە بارەگای گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان د. دیندار زێباری سەردانی ئەکسیل وینمان،
بەرپرسی باڵای کاروباری سیاسی، سەرۆکی تیمی عێراق لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئاسیای کرد.
لە دیدارێکدا باس لە پێشوازیکردنی هەرێمی کوردستان لە نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر سەرەڕای دۆخی نالەباری ئابووری و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە و قوربانییەکانی لەپێناو ئازادکردنی ناوچەکان لە دەست داعش بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا کرا، هەروەها دۆخی ئێستای هەرێم لە بواری مرۆیی تەوەرێکی تری دیدارەکە بوو.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم کرا بۆ چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی لە هەموو سێکتەرەکاندا ، هەروەها پابەندبوونی حکومەت بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ لەم ڕووەوە بە پەسەندکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ و بوونی هەزاران ڕێکخراوی ناوخۆیی و بیانی، بوونی سەدان دەزگای میدیایی لە هەرێم کە ئازادانە کارەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن لەژێر رۆشنایی یاسا و رێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی كوردستان دووپات كرایه‌وه‌. 
ئەوەش ڕوونکرایه‌وە سەرەڕای رێککەوتننامەی شنگال لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتیحادی بە پاڵپشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام بوونی میلیشیا و هێزی دەرەکی ڕێگرە لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە و گەڕانەوەی هێزە شەرعییەکان و ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی تیرۆریستان دۆخەکە بقۆزنەوە و کردەوەی تیرۆریستی بە درێژایی ناوچەکانی ماددەی (١٤٠) ئەنجام بدەن.
لەبارەی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە باس لە هەوڵەکانی ئەم دواییەی لایەنە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان کرا بۆ یەکخستنی هەڵوێستیان و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی هەرێم بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیدارە بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێم و ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان .
لەلایەن خۆیەوە ئەکسیل وینمان، ستایشی ڕۆڵی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان بە ئامادەبوونی جینین بلاسخارت سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە مەبەستی نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ڕێککەوتنیان لەسەر دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنەکانی کوردستان.