Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتەیەکی لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک پێشکەش کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) بە هاوکاریی نێردەی هەمیشەیی عێراق لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نیویۆرک ڕۆژی ١٠ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢، بە ناونيشانی (شێوازی کوشتنی بە کۆمەڵ - تاوانەکانی داعش لە عێراق).
کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا ، لەم کۆبوونەوەیەدا کریستیان ریتسچیر، ڕاوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی یونیتاد، محەمەد حەسەن بەحرلعلوم نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە نەتەوەیەکگرتووەکان، نوێنەرانی یەکێتی ئەورووپا و وڵاتانی پاڵپشتی یونیتاد، ڕێکخراوی هیومان رایتس وۆچ و ئەمنستی ئینتەرناشناڵ و چەند ڕێکخراوێکی دیکە ئامادەبوون.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کریستیان ریتسچێر سەرۆکی تیمی یونیتاد وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی له کار و چالاکییەکانی تیمەکەی کرد لە ماوەی ڕابردوو لە گشت بوارەکاندا، هەروەها ستایشی ڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە هاوکاری و هەماهەنگیی لەگەڵ تیمەکەی.
د. دیندار زێباری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لیژنەی هەماهەنگیکاری نیشتمانی عێراقی بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ یونیتاد (NCC) ، وتەیەکی پێشکەش کرد، تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، "لەدوای هێرشەکانی داعش حکومەتی هەرێم هەوڵیدا ڕفێندراوەکان لە دەست تیرۆریستان ڕزگار بکات، لە هەمان کاتدا لیژنەیەکی دامەزراند، کە ئەرکی بریتییە لە بە دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی داعش و بە جینۆسایدناساندنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لە ئێستاشدا هەوڵی جددی دەدات بۆ سەرخستنی کارەکانی تیمی یونیتاد کە بریتییە لە کۆکردنەوەی بەڵگە و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش و دادگاییکردنیان لەسەر ئەو تاوانە نێودەوڵەتیانەی ئەنجامیداون.
دیندار زێباری گوتی: لە شەڕەکانی ئازادكردنەوەی ئەو ناوچانەی کەوتبوونە ژێردەستی داعش، هێزەکانی پێشمەرگە قوربانیی زۆریان داوە، لەوانە (١٨٠٠) شەهید و (١٠) هه‌زار و (٣٦٩) بریندار و (٤٧) بێ سەروشوێن لە هێزەکانی پێشمەرگە.

زێباری ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات لە ڕووی یاساییەوە هاوکاری قوربانیانی دەستی داعش و کەسوکاریان بکرێت، لەم ڕووەوە بە پشتگیری تیمی یونیتاد پڕۆژە یاسایەکی پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کرد، بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بە تاوانەکان تیرۆریستانی داعش بە مەبەست دادگاییکردنیان بەپێی تاوانی نێودەوڵەتی وەک تاوانی دژی مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ و جینۆساید.
نوێنەری حکومەتی هەرێم لە لیژنەی هەماهەنگیکاری نیشتمانی (NCC)، تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ دۆكیۆمێنتكردن تاوانەكانی داعش و ئاشكرای كرد، لە دامەزراوەکانی حكومەتی هەرێم (٥١٧٠) دۆسیە تۆمارکراوە، لەوانە زیاتر لە (٢٣٢٤) دۆسیە لە دادگاکان تەواو کراوە و (٢٠٠٠٠) تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان، هەروەها (٢٩١٦) دۆسیە بە بێسەروشوێن تۆمارکراوە و زیاتر لە (٧٣٩١٢) لاپەڕەی ئەو تاوانانە ئەرشیف کراوە.

سەبارەت بە ڕزگارکردنی ڕفێندراوانیش، د. دیندار زێباری ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی هەرێم لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ ڕزگارکردنی ڕفێنراون و دوای ئازادکردنیان پێداویستیەکانیان دابین دەکات. لەم ڕووەوە  تا ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٢ توانراوە (٣٥٥٢) ڕفێندراو ڕزگار بکرێن، لەوانە (١٢٠٧) ئافرەت، (٣٣٩) پیاوان، (١٠٥٠) کچ، (٩٥٦) کوڕ. هەروەها بەپێی ڕێككەوتنێكی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ئەڵمانیا، زیاتر لە (١٠٠٠)  ئافرەتی ڕزگاربوو بۆ چارەسەركردن ڕەوانەی ئەڵمانیا كراون .